دوای نۆ ساڵ لە جینۆسایدکردنیان هێشتا ئێزیدییەکان قەرەبوو نەکراونەتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزیدییەکان تێدەپەڕێت و دوو ساڵیشە یاسای قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی دەستی رێکخراوی داعش دەرچووە هێشتا ئێزیدییەکان قەرەبوو نەکراونەتەوە.

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ 3.8.2014، رێکخراوی داعش هێرشیکردە سەر دەڤەری ئێزیدییەکان لە شنگال و دەوروبەری کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کوردانی ئێزیدی ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون و هەروەها زیاتر لە شەش هەزاریشیان بێسەروشوێن بوون.

تاوەکو ئێستا لەو شەش هەزار و 417 ئێزیدییەی لەلایەن رێکخراوی داعش رفێندران بە قسەی فەرمانگەی کاروباری ئێزیدییەکان، سێ هەزار و 570 کەسیان رزگار کراوە.

پەرلەمانی کوردستان لە 2019، رۆژی 3.8ـی وەک رۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەکان ناساند، هەروەها پەرلەمانی عێراق ساڵی 2021 یاسای قەرەبووی رزگاربووانی ئێزیدییەکانی دەرکرد کە بەپێی یاسایەکە هەر رزگاربووێکی دەستی داعش مانگانە 700 بۆ 900 هەزار دینار وەردەگرێت.

دوو ساڵە یاسایەکە دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رزگاربووێک قەرەبوو نەکراوەتەوە.

وەزارەتی شەهیدان رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق “کەمتەرخەمە” لە قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی دەستی رێکخراوی داعش و ئەوانیش هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە لەوبارەیەوە.

عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، عێراق تا ئێستا ئەو یاسایەی جێبەجێ نەکردووە و “کاتێکیش ئێمە وەک وەزارەت لە هۆکارەکەی دەپرسین دەڵێن وردبینی دەکەین و لە ئاییندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت”.

وتەبێژەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وتیشی، “بەداخەوە حکومەتی عێراق لە هەر جۆرە قەرەبووکردنەوەیەک کەمتەرخەمە و تا ئێستاش قوربانیانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق کە مادەیەکی دەستوورییە جێبەجێ نەکراوە”.