بۆ دابینکردنی موچە تووشی کورتهێنان بووە
وەزارەتی دارایی: هێشتا هیچ لیستێکی موچە رانەگەیەندراوە
+964
فەهمی نەبی
وتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت، بۆ دابینکردنی موچەی ئەم مانگە ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی بەشی دابینکردنی موچە ناکات، دەبێت ئەو کورتهێنانە پڕ بکەنەوە.
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ 964 وتی، ئەو پارەیەی خراوەتە سەر هەژماری بانکی لقی هەولێری بانکی ناوەندی سبەی وەریدەگرین، هەر سبەی لە کۆبونەوەیەکدا لیستی دابەشکردنی موچە رادەگەیەنین.
هونەر جەمال ئەوەشی وت، ئەو بەشەی هاتووە 598 ملیارە و هەر ئەو بەشەیە و هیچی دیکە وەک تەواوکاری بۆ ئەم بەشە پارەیە نایەت، دەبێت خۆمان بەداهاتی ناوخۆ پڕی بکەینەوە.
هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچە، مانگانە پێویستی بە 940 ملیار دینارە، بەمەش 314 ملیار دینار کورتهێنانی دەبێت.
سەبارەت بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتی تەندروستی و پێشمەرگە، وتەبێژی وەزارەتی دارایی وتی، هێشتا بە فەرمی هیچمان رانەگەیاندووە.
شەوی سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەشە بودجەی هەرێممان ناردووە.