بەشداربووانی خولەکە. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
خولی ناوبژیوانانی فوتساڵ کۆتایی هات
+964
یادگار محەمەد – سلێمانی
خولی نێودەوڵەتیی ناوبژیوانانی یاریی فوتساڵ لە سلێمانی کۆتایی هات.
لە رۆژانی 28. 7 تا 1. 8.2023 و لە ژێر چاودێریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی “فیفا” و بە سەرپەرشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە شاری سلێمانی خولی ناوبژیوانانی یاریی فوتساڵ بەڕێوەچوو.
هاوکار سالار ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کورد بە 964ـی وت، ماوەی پێنج رۆژ خولەکە لە سلێمانی بەردەوام بوو، کە یەکێک لە باشترین وانەبێژەکانی جیهان وانەکانی وتەوە و ناوبژیوانان سوودێکی زۆریان لە زانیارییەکانی وەرگرت.
وتیشی، مەبەست لە کردنەوەی خولەکە بۆ ئاگاداربوونی ناوبژیوانان بوو لەو گۆڕانکارییانەی، کە بەسەر یاساکانی یاریی فوتساڵدا هاتووە.
لە خولەکەدا 36 ناوبژیوان بەشدارییان کرد، کە 6 ناوبژیوانیان کورد بوون، وانەکانی خولەکە بە هەردوو شێوەی تیۆری و پراکتیکی بوون، لە لایەن بەدرۆل هیشامی مالیزی وترانەوە و دوای تەواوبوونی خولەکەش، ناوبژیوانان بوونە خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا