ژماردنی دۆلار لەیەن کەسێک لە بازاڕەكانی دۆلار لە كوردستان _ وێنە: 964
خستنەڕوو بۆ ناوخۆ زیاد کرا
رێکارەکانی بانکی ناوەندی دۆلاری دابەزاند
964+
فەرمان سادق
بانکی ناوەندی رێکاری نوێی بۆ پێدانی دۆلار بە بازرگانان دەرکرد و وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێریش دەڵێت کاریگەری بەسەر دابەزینی بەهای دۆلار دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 1.8.2023، بانکی ناوەندی 221 ملیۆن و 80 هەزار و 248 دۆلاری خستەڕوو بۆ فرۆشتن، لەم بڕەدا 34 ملیۆن و 860 هەزار دۆلار بۆ ناوخۆ و 186 ملیۆن و 220 هەزار و 248 دۆلاری بۆ حەواڵەی دەرەکی بووە.
کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، ئێستا بەهای 100 دۆلار بۆ فرۆشتن بە 151 هەزار دینارە و کڕینیش بە 150.750 دینارە.
دابەزینی بەهای دۆلار لە چەند رۆژی رابردوودا دوای ئەوە دێت بەهاکەی گەیشتە 159 هەزار دینار.
بانکی ناوەندی لەگەڵ گرانبوونی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پێدانی 100 هەزار دۆلار بەو بازرگانانەی کەلوپەل لە دەرەوە هاوردە دەکەن.
هاوکات بڕیاردرا ئاسانکاری بۆ 116 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو بکرێت کە پشکی خۆیان هەفتانە لە بانکی ناوەندی وەربگرن کە پێشتر لەو بانکانە وەریاندەگرت کە سزا درابوون، ئێستا خراونەتە سەر بانکەکانی تر، ئەمانە بە قسەی فادی شەمەری، راوێژکاری سەرۆکوەزیران کاریگەری بەسەر دابەزینی بەهای دۆلار هەبووە.