“ئه‌مڕۆ دێمبێلی ده‌بێته‌ یاریزانی پاریس سانجێرمان”

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

عوسمان دێمبێلیی یاریزانی بارسێلۆنا رەزامەندیی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی بۆ پاریس سانجێرمان لە مێركاتۆی ئه‌م هاوینەدا.

گرێبەستەکەی دێمبێلیی 26 ساڵان لە هاوینی 2024 لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە کۆتایی دێت، هەروەها مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی 50 ملیۆن یۆرۆیه‌، کە سبه‌ی “یەکی ئاب” دوو هێندە دەبێت و ده‌بێته‌ 100 ملیۆن یۆرۆ.

فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزا لە گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەوروپا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تویتەر” نووسیویەتی: “دێمبلی ئۆفەرەکەی پاریس سانجێرمانی قبوڵ كردووه‌ و ئاماده‌یه‌ بڕوات”.

وتیشی، پاریس سانجێرمان بە شێوەیەکی زارەکی لەگەڵ بریکاری ئەستێرە فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ لەسەر مەرجەکانی گرێبەستی دێمبێلی بۆ ماوەی 5 ساڵ رێککەوتووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، پاریس نامەیەکی فەرمی بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا ناردووه‌ و ئاگاداریان كردوون

ه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی دێمبێلی كارا ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ر ئه‌مڕۆ گرێبه‌سته‌كه‌ یه‌كلابكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كاتیشه‌وه‌ هه‌یه‌.

دێمبێلی له‌ 2017 له‌ بۆروسیا دۆرتمونده‌وه‌ روویكرده‌ بارسێلۆنا به‌ 105 ملیۆن یۆرۆ، زۆرترین كاتیشی له‌ یانه‌كه‌ به‌ پێكانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی به‌سه‌ربردووه‌.