هێشتا نرخی بەنزین بەرزە
ئایا بڕیاری هاوردەکردنی بەنزین لە دەروازەکان کاری پێدەکرێت؟
964+
فەهمی نەبی
سەرەڕای بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بارەی رێگەدان بە کۆمپانیاکان بۆ هاوردەکردنی بەنزین، بەدواداچوونی 964 دەریدەخات، دوای پێنج رۆژ هێشتا تەنیا لە دەروازەی باشماخ بەنزین هاوردە دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە 26.7.2023 بڕیارێکی دوو خاڵی دەرکرد، بە پێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، رێگە بە کۆمپانیاکان دەدرێت بەنزین هاوردە بکەن بە رەچاوکردنی کوالێتیەکەی، هاوکات رێگە بە هەناردەکردنی بەنزین نادرێت.
ماوەی هەفتەیەکە نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 300 دینار بەرزبووەتەوە، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرمال لە 850 دینارەوە بووەتە هەزار و 150 دینار.
سەرچاوەیەک لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بۆ 964 وتی، “ماوەی دوو ساڵە هێنانی بەنزین لە دەروازەی حاجی ئۆمەران راگیراوە، هیچ جۆرە بەنزینێک لە دەروازەکە ناهێنرێتە هەرێمی کوردستان”.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت، “هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ رێگەدان بە هێنانی بەنزین لە دەروازەکە”.
شاخەوان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بۆ 964 دەڵێت، “هێنانی بەنزین لای ئێمە نەوەستاوە و هێنانی بەردەوامە”.
بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ ئەوەشی وت، “بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بە زۆری و کەمیی بەنزینەوە نییە لە شارەکانی هەرێم، بەنزین زۆرە، بەڵام بەرزیی نرخەکەی پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە نرخی دۆلارەوە هەیە، بەشێکی پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی هەیە لە بۆرسەی جیهانی”.
964 پرسیاری کردووە ئەوەی دێت ئایا پێکهاتەیەکی جیاوازە لە بەنزین و لە پاڵاوگەکانی هەرێم دەکرێتە بەنزین؟ بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ وتی “ئەوەی کە دێت بەنزینە نەک شتێکی دیکە”.
964 بەدواداچوونی بۆ هێنانی بەنزین لە دەروازەکانی دیکە کرد، بەڵام هێشتا لە هیچ یەک لە دەروازەکانی دیکە بەنزین ناهێنرێت.
ھەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی و 7 دەروازەی بازرگانی لاوەکی ھەیە، کە سەرجەمیان لەلایەن دامودەزگە گومرگییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە رێنمایی و رێکاری ھونەرییان بۆ دەردەچوێندرێت و بەڕێوەدەبرێن.