بەشێک لە گوندەکانی دۆڵی شاورێ کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوەیان هەیە

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

بەشێک لە گوندەکانی دۆڵی شاورێی سەر بە ناحیەی سەرکەپکان، کە پێک هاتوون لە هەر سێ گوندی گوڵان و ناوەزینان و بێردبێ، تاوەکوئێستا کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.

بایز رەسوڵ کە دانیشتووی گوندی گوڵانە بە 964ـی وت، هۆکاری کەمی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تۆڕی ئاوەی کە لە گوندەکەیان هەیە،  ئەو وتی کە تۆڕی ئاوەکە زۆر کۆنە و لە ساڵی نەوەدەکان  لەلایەن رێکخراوێکی خێرخوازییەوە دروستکراوە.

ئەو گوندنشینە ئاماژەی بەوەش کرد، خەزانی ئاوەکە بچوکە بەهۆی ئەوەی ئەو کاتە ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە بەراورد بە ئێستا زۆرکەمتر بووە و ژمارەی ماڵەکان تەنیا 25 ماڵ بووە، بەڵام لە ئێستادا و بەتایبەتیش لە وەرزی هاویناندا ژمارەی ماڵەکان زیاتر لە 100 ماڵ دەبێت و ئاوەکە ناتوانێ پێداویستی خەڵکەکە پڕ بکاتەوە.

روونیشی کردەوە،  ئەوان لەماوەی رابردوودا داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین کردووە کە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە سەردانی گوندەکەیان کردووە ورووپێوییان بۆ تەواوی گوندەکە کردووە و ئەوکات دەرخستەیەکیان کردووە بۆ دروستکردنی خەزانێکی تازەی ئاو کە 137 ماڵ خراونەتە چوارچێوەی دەرخستەکەوە، بەڵام بە بیانوی نەبوونی پارە پڕۆژەکە جێبەجێنەکراوە.

964 بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لە سەر هۆکاری جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکە پەیوەندی بە سەلام عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی راپەڕینەوە کرد.

بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین رەتیکردەوە کە دانیشتوانی ئەو گوندانە هیچ کێشەیەکی کەمی ئاوی خواردنەوەیان هەبێت، وتیشی ئێمە لەرابردوودا کێشەی بەشێک لە گوندەکانمان چارەسەر کردووە و تاوەکو ئێستاش هیچ کەسێک نەهاتووە لەلای ئێمە سکاڵا بکات و بڵێت ئێمە کێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە.