کودەتاکەی 30ی تەمموز
چۆن بەعسییەکان هەموو شتێکیان گرتە دەست؟
964+
ژوری هەواڵ
55 ساڵ لەمەوبەر بەعسییەکان بە کودەتای 17ی تەمموزی 1968 حوکمیان لە عێراق گرتە دەست، ئیتر سەردەمی عەبدولرەحمان عارف کۆتایی هات و ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حسێن بوونە فەرمانڕەوای عێراق.
بەعسییەکان بۆ ئەوەی بتوانن کودەتاکەیان بە ئاسانی بە ئەنجام بگەیەنن، پێویستیان بە کۆمەکی کەسە سەربازییە باڵادەستەکانی سەردەمی عارف بوو، بۆیە بەناچاری لەگەڵ ئیبراهیم داوود و عەبدولرەزاق نایف رێککەوتن.
داوود فەرماندەی گاردی کۆماری سەردەمی عەبدولرەحمان عارف بوو، بیست هەزار سەربازی لەبەردەستدا بوو، ئەو راستەوخۆ سەرۆکی دەپاراست، نایفیش بەرێوەبەری هەواڵگری سەربازی بوو، ئەم دوانە بە ئاسانی دەیانتوانی نەهێڵن کودەتاکەی بەعس سەر بکەوێت.
بەعسییەکان بۆ ئەوەی خۆیان لەم دوو بەڵایە رزگار بکەن، لەگەڵ هەردوکیان رێککەوتن و پێیان وتن: ئێمە کودەتا دەکەین، لەگەڵمان بن پاش سەرکەوتن ئەو پۆستەی بتانەوێ ئەوەتان دەدەینێ.
هەموو شت وەک خۆی رۆیشت و لە 17ی تەمموز بەعسییەکان کودەتایان کرد، دوای ئەوە عەبدولرەزاق نایف کرایە سەرۆک وەزیران و ئیبراهیم داوود بوو بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و وەزیری بەرگری.
بەڵام سەدام دڵی لێیان کرمێ بوو، هەمیشە دەیوت ئەم دوانە بەعسی نین و بۆ پۆست و دەسەڵات هاتوونەتە پاڵمان، بۆیە دەبێت دوور بخرێنەوە.
سەدام هەر زوو دەستەیەکی چەکداری پێکهێنا کە براو کەسە نزیکەکانی خۆی لەگەڵ بوو، ئەمانە متمانە پێکراوترین کەسەکانی سەدام بوون، لەگەڵ ئەحمەد حەسەن بەکریش کەوتە پلانگێڕان بۆ دوور خستنەوەی داوود و نایف.
ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک کۆمار فەرمانی بە ئیبراهیم داوود کرد بچێت سەردانی سوپا بکات لە سنوری عێراق و ئەردەن، بەو شێوەیە داوودی لە پایتەخت دوور خستەوە.
نیوەڕۆی رۆژی 29ی تەمموز پەیوەندی کرد بە عەبدولرەزاق نایفی سەرۆک وەزیرانەوە و وتی بۆ کارێکی بە پەلە وەرە بۆ کۆشک، دەبێ کۆببینەوە، رۆژی دواتر نایف کە چووە کۆشکی سەرۆکایەتی هەستی بە جموجۆڵێکی نائاسایی کرد، سەربازێکی زۆر لەناو کۆشکدا بوون و سەدام سەرپەرشتی دەکردن.
کۆبوونەوەی بەکر و نایف دەستی پێکرد و دوای کەمتر لە کاتژمێرێک سەدام و چەند کەسێک بە چەکەوە خۆیانکرد بە ژوورەکەدا، سەدام رووی چەکەکەی کردە نایف، پێی وت دەبێ هەر ئێستا عێراق جێبهێڵیت، خێرت لەسەرە کە ناتکوژم و رێدەدەم بڕۆی، نایف پەلبەستکراو بە فرۆکە نێردرا بۆ رۆما.
لە هەمان کاتدا دەستەیەکی تری چەکداری کە بەرزانی برای سەدامیشیان تێدابوو چوونە سەر سنوری عێراق و ئەردەن و بە ئیبراهیم داوودی وەزیری بەرگریان وت: دەبێت هەر ئێستا عێراق جێ بهێڵیت، داوود سەیری چەکدارەکانی کرد و وتی پیاوە پیرەکە ئیشی خۆی کرد، مەبەستی لە ئەحمەد حەسەن بەکری سەرەک کۆمار بوو.
داوود خرایە ناو فرۆکەو هەر لەناو فرۆکەکە جلە سەربازییەکانیان لەبەر داکەند و جلێکی مەدەنیان کردە بەرو 300 دیناری عێراقیان کردە گیرفانیەوە و پاش ماوەیەک کردیان بە باڵیۆزی عێراق لە مەدرید و لێگەڕان لە دەرەوەی وڵات بژی، بەڵام هەمان ئۆفەر دەست نایفی سەررۆک وەزیرانی لەکارلادراو نەکەوت، بەڵکو هەشت ساڵ دوای ناردنە دەرەوەی کەسێک لە لەندەن چووە بەردەمی و فیشەکێکی پێوەناو کوشتی، دواتر وترا بە فەرمانی سەدام ئەم کارە کراوە.
بەم شێوەیە لە رۆژی 30ی تەمموزی 1968 بە تەواوی حیزبی بەعس بووە تاکە فەرمانڕەوای عێراق و کەس نەما بۆڕ بۆڕێنیان لەگەڵ بکات.