بۆ دەرهێنانی هەنگوین دارێکیان بڕییەوە و دەستگیر کران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بۆ دەرهێنانی شانەیەک هەنگوین، لە ناحیەی سەنگاو سێ کەس دارێکیان هەڵکۆڵیوە و بەشێک لە قەدەکەیان بڕیوەتەوە، لەسەر ئەوە دەستگیر کران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30.7.2023، هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دارەکە لە گوندی گرپچنە بڕدراوەتەوە و دوو کەس لە تۆمەتبارەکان لە هەمان شوێنی بڕینەوەی دارەکە دەستگیرکراون و کەسێکی دیکەش لە کاتی گەڕانەوەدا دەستگیرکراوە.

هەروەها دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گیراوە، کە بە تۆمەتبارەکانەوە بووە، لەگەڵ یەک مشاری دار بڕینەوە و سندوقێکی بەخێوکردنی هەنگ.

تەنیا لە چارەکەی یەکەمی ئەمساڵدا، لە سنووی پارێزگای سلێمانی 550 داری سروشتی بڕدراونەتەوە، بۆ ئەمەش 33 کەس وەک تۆمەتبار دەستگیر کراون.