هه‌ولێر میوانداریی پاڵه‌وانیه‌تیی گۆڵفی وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌كات

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

فیدراسیۆنی گۆڵفی عه‌ره‌بی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا له‌ كازابلانكای مه‌غریب، بڕیاری دا پاڵه‌وانیه‌تیی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ گۆڵف له‌ 2025 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌بچێت.

سه‌ردار ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزشی هه‌رێمی كوردستان به‌ 964ی راگه‌یاند، فیدراسیۆنی گۆڵفی عه‌ره‌بی بڕیاریان دا پاڵه‌وانیه‌تیی ساڵی 2025 له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام بده‌ن.

سه‌ردار ئیسماعیل، كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی پارێزگاری هه‌ولێر به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی فیدراسیۆنه‌كه‌ی له‌ مه‌غریب كرد، وتی، “له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌ولێر ده‌بێته‌ خاوه‌ن گه‌وره‌ترین گۆڕه‌پانی گۆڵف له‌ ناوچه‌كه‌دا، یاریگه‌كه‌ ئێستا له‌ قۆناغه‌كانی كۆتاییدایه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌یی شاری هه‌ولێری بۆ میوانداریكردنی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا له‌ 2025 خستووه‌ته‌ڕوو.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964، له‌ ناو پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوونی ئه‌ربیل هێلز، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری شاری هه‌ولێر، یاریگه‌یه‌كی گۆڵف كاری لێده‌كرێت، كه‌ به‌ وته‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی پرۆژه‌كه‌، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین یاریگه‌كانی گۆڵف له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.