عێراقیش تێیدا بەشدارە

كۆمپانیایه‌ك مافی په‌خشی كه‌ناڵه‌ بیانییه‌كان له‌ كوردستان قۆرخ ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

كۆمپانیای ئای ستار كه‌ له‌ بواری په‌خشی كه‌ناڵه‌كان ئامێری تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ تۆڕێكی عێراقی رێككه‌وتنی کردووە لەمەودوا تەنیا ئەوان کەناڵە وەرزشییەکانی بی ئین سپۆرت و کەناڵە دەرەکییەکانی دیکە بگوازنەوە.

ئای ستار لەگەڵ تۆڕە عێراقییەکە رێککەوتووە و تۆڕە عێراقییەکەش لەگەڵ بی ئین.

چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی چه‌ند ئامێرێكی ریسیڤه‌ری په‌خشی ناوخۆیی و ئینته‌رنێته‌وه‌، چه‌ند كۆمپانیایه‌ك په‌خشی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌ناڵه‌ ناوخۆیی و بیانییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌م رۆژانه‌دا كۆمپانیای ئای ستار، كه‌ له‌ رێگه‌ی ئامێر و بورجی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ په‌خشی كه‌ناڵه‌ ناوخۆی و بیانییه‌كان له‌ شاره‌كانی كوردستان و به‌شێكی شاره‌كانی عێراق ده‌كات، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ تۆڕی ئه‌لڕابعه‌ی عێراقی كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا ته‌نیا ئه‌وان په‌خشی چه‌ند كه‌ناڵێكی تایبه‌تی وه‌رزشی و فیلم و سه‌رگه‌رمی له‌ هه‌رێم په‌خش بكه‌ن.

هیوا كۆیی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هونه‌ری له‌ كۆمپانیای ئای ستار ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌ 964ـی راگه‌یاند، تۆڕی كه‌ناڵه‌كانی ئه‌لڕابعه‌، كه‌ له‌ به‌غدایه‌، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ تۆڕی كه‌ناڵه‌كانی بی ئینی قه‌ته‌ڕی كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا په‌خشی كه‌ناڵه‌كانی بی ئین سپۆرتس و بی ئین موڤیس و هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی OSN له‌ رێگه‌ی ئامێری تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ له‌ عێراق په‌خش بكات، ئێمه‌ش وه‌ك ئای ستار رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ ئه‌لڕابعه‌ كردووه‌ و بووینه‌ته‌ هاوبه‌شی تۆڕه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌خشی ئه‌م كه‌ناڵانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین.

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای وه‌ك ئای ستار، ماكس میدیا و ئێچ دی بۆكس و چه‌ند ناوێكی دیكه‌، له‌ رێگه‌ی ئامێرێكی هاوشێوه‌ی سه‌ته‌لایت، كه‌ به‌ نرخی جیاواز ده‌فرۆشرێن په‌خشی ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌ناڵی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی ده‌كه‌ن، شێوازی به‌كارهێنانیشیان له‌ رێگه‌ی ئاریێل و ئینته‌رنێته‌ و هاوڵاتیان له‌ رێگه‌ی كارتی هاوبه‌شییه‌وه‌ ده‌توانن ئامێره‌كان به‌كاربهێنن.

هیوا كۆیی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، به‌م زووانه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ دێته‌ جێبه‌جێكردن و له‌ رێگه‌ی یاساكانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كۆمپانیاكانی دیكه‌ی جگه‌ له‌ ئای ستار، بۆیان نییه‌ په‌خشی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ بكه‌ن.

“هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر نرخی به‌شداریكردنی هاوبه‌شانی ئێمه‌دا نایه‌ت، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئامێر و ریسیڤه‌ری نوێ بخه‌ینه‌ بازاڕه‌وه‌”، هیوا كۆیی وای وت.

سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان ئای ستار و ئه‌لڕابعه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هونه‌ری له‌ ئای ستار، نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ پێیانوایه‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاسان نییه‌ و 100% نابێت.

“هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ رێگه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی مافی بڵاوكردنه‌وه‌ كاره‌كانی خۆمان بكه‌ین”، كۆیی وای وت.

له‌ هه‌رێمی كوردستان هاوڵاتیان به‌هۆی هه‌رزانیی نرخه‌وه‌، ئامێری ریسیڤه‌ری ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌كار ده‌هێنن بۆ سه‌یركردنی كه‌ناڵه‌ بیانییه‌كان و گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا كه‌م ماڵ هه‌یه‌ له‌ كوردستان، ئامێری سه‌ته‌لایت به‌كاربهێنن.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌پلیكه‌یشنی تایبه‌تیش بۆ سه‌یركردنی كه‌ناڵه‌كان به‌رده‌سته‌، كه‌ به‌ نرخی دیاریکراو ده‌توانرێت بۆ بینینی كه‌ناڵه‌كانی وه‌رزشی و فیلم و ئینته‌رته‌ینمێت سوودی لێ وه‌ربگیرێت.