قۆناغی کۆتایی نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری دەستیپێکرد
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
قۆناغی دووەم و کۆتایی نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری دەستیپێکرد و لەم قۆناغەدا هەموو بەشەکانی چاک دەکرێت.
لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان، نزیکەی 300 ملیۆن دینار بۆ ئەم قۆناغە تەرخان کراوە و بەم پارەیە دیوارەکانی سەراکە سپیکاری دەکرێن و کارەباکەی چاکدەکرێت و دەرگا و پەنجەرەی بۆ دادەنرێت.
نزیکەی پێنج مانگ بوو نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری وەستابوو، ئیدارەی گەرمیان چاوەڕێی دابینکردنی بودجەی دەکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26.7.2023، محەمەد ساڵح، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964ـی وت، “ئەو بودجەیەی بۆی دابین دەکرێت، لەسەر ئەرکی قوباد تاڵەبانییە و حکومەت پارەی بۆ دابین نەکردووە”.
سەرای کفری، 100 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروست کرا، یەکێکە لە شوێنە کەلەپوورییەکانی قەزای کفری، مەترسیی رووخانی لەسەربوو.
رووبەری سەرای کفری 456 مەتر دووجایە، پێکهاتووە لە دوو نهۆم، دوو دەروازەی سەرەکیی هەیە، یەکێکیان لە باکووری قەزاکەیە و ئەوی دیکەشیان لە باشوورە، باڵەخانەکە لە گەچ و بەرد و قەسەڵ دروستکراوە، ئاسنیش لە سەقفەکانیدا بەکارهاتووە.