نەشتەرگەرى چاو
تەندروستى ئێران دەڵێت،"بۆ لێدانە لە پێشکەوتنەکانمان"
نۆ کەس نەخۆشخانەیەکى تاران کوێر بوون
وریا فەتاح
بەپێى هەواڵێکى میدیاکان، نۆ کەس لە نەخۆشخانەیەکى چاو لە تاران، بیناییان لەدەست داوە، بەڵام تەندروستى ئێران دەڵێت، ئەو رووداوە چەند مانگ لەمەوبەر روویداوە و ئێستا میدیاکان گەرمى دەکەنەوە.
دواى ئەوەى هەواڵى کوێربوونى ئەو نۆ کەسە بڵاوکرایەوە، حسێن کرمانپوور، بەرپرسى پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنى وەزارەتى تەندروستى ئێران رایگەیاند، رووداوەکە کۆنە و هى چەند مانگ بەمەوبەرە.
ئەو بەرپرسەى وەزارەتى تەندروستى ئێران، بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵانەى بە لێدان لە کەرتى تەندروستى ئێران وەسف کرد و وەک خۆى دەڵێت، لێدانە لە کەرتى پێشکەوتووى تەندروستى ئێران.
رەخنەى توندیش لە میدیاکان دەگرێت کە بەم هەواڵانە خەڵک نیگەران دەکەن، لە کاتێکدا بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.
“راستە ئەوەى روویدا و کارێکی زۆر خراپ بوو، بەڵام وەک ئەوە نییە هەمووان رۆژانە هەواڵى ساختە بڵاوبکەنەوە”، بەرپرسى پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنى وەزارەتى تەندروستى ئێران واى وت.
باسى لەوەشکردووە، ئەو شتانە دەکرێت رووبدەن و پێشتریش روویانداوە، بەڵام نازانن بۆچى ئەمجارە میدیاى بیانى رووماڵى کردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى چەند رۆژێکە بەشێم لە میدیاکانى ئێران و دەرەوە باس لەوە دەکەن نۆ کەس لە نەخۆشخانەیەکى چاو بەهۆى پێدلنى دەرمانى هەڵە، بیناییان لەدەست داوە.