ئەردۆغان دەڵێت بۆ دوایین جار خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید دەکات

964+

هێمن بەکر – هەولێر

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، ساڵی داهاتوو دوایین جار دەبێت کە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی تورکیا، لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠٢٣ی وڵاتەکەی.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەردۆغان ماوەی ٢٠ ساڵە لەسەر حکومە، تاوەکو ٢٠١٤ سەرۆک وەزیران بووە و لەو ساڵەشەوە تاوەکو ئێستا سەرۆک کۆماری تورکیایە.

بڕیارە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا و بەڕێوەبچێت.

ئەردۆغان لە رێورەسمێکدا لە پارێزگای سامسونی وڵاتەکەی وتی، “لە ٢٠٢٣، دەست دەکەین بە بنیاتنانی ‘سەدەی تورکیا’ و رێگاکە خۆش دەکەین بۆ گەنجەکان، ئێمە تەنیا داوامان کردووە بۆ یەک جاری تر کاندید بکرێین بە ناوی گەلەوە”.

لە سەردەمی ئەردۆغاندا، تورکیا توشی هەڵبەز و دابەزی ئابووری بووەتەوە، لە ساڵەکانی سەرەتای دەستبەکاربوونی ئابوری تورکیا بەرەو بووژانەوە چوو، بەڵام دوو بۆ سێ ساڵ دەبێت کە ئابوری ئەو وڵاتە روو لە داکشانە و ئێستا رێژەی هەڵاوسان ٨٣٪یە.

ئەردۆغان لە وتەکانیدا زیاتری وت، “کەسێک کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە حکومدا بووبێت، بێگومان تووشی هەڵەش دەبێت”.

ئەو سەرۆکە بەڵێنی ئەوەیدا، تورکیای داهاتوو “کە رادەستی گەنجەکانی دەکەن”، جیاوازتر دەبێت لە تورکیای رابردوو.

هەر لە سەردەمی ئەردۆغاندا بەهاری عەرەبی روویدا، دەستێوەردانی وڵاتەکەی لە بارودۆخی ناوخۆی سوریا نەشاردراوەتەوە، بە جۆرێک کە بە ئاشکرا پشتیوانی گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی رژێمی دیمەشقی کردووە و نەیاری کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان بووە.

ساڵی ٢٠١٩، بە بڕیاری ئەو هێرشکرایە سەر رۆژئاوای کوردستان و بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر سوپای تورکیا هاتە ناو خاکەکەیەوە، کە تاوەکو ئێستاش هەروا ماوەتەوە.