دەستکردی ناوخۆیی بووە

بۆمبێکی چێندراو پوچەڵ کرایەوە

+964
کاروان ساڵحی

لە نزیک گەراجی بەغدا لە سەنتەری شاری کەرکوک لە لایەن پۆلیسی نەهێشتنی تەقەمەنییەوە بۆمبێکی چێندراو پوچەڵ کرایەوە.

نزیکەی کاتژمێریک لەمەوبەر شەقامی نزیک گەراج بەغدا لە کەرکوک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرا، بە گومانی بوونی بۆمبێکی چێندراو، دوای لێکۆڵینەوە شوێنی بۆمبە کە دیاری کرا و پاشان پوچەڵ کرایەوە.

عەقید عامر نوری شوانی، وتەبێژی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە 964ی وت، دەستبەجێ پسپۆڕی پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی لە فەرماندی پۆلیسی کەرکوک گەیشتە شوێنی بۆمبەکە و تواندرا بۆمبەکە پوچەڵ بکرێتەوە، هەروەها دەست بەسەر کەلوپەلی بەکارهێنراوی بۆمبەکەش بگیرێت.

وتیشی، بۆمبەکە دەستکردی ناوخۆیی بووە، لێکۆڵینەوەی وردیش دەستیپێکردووە و سەیری کامێراکانی چاودێری سنوورەکەش دەکرێت.

گەراجی بەغدا یەکێکە لە گەراجە گەورەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە شاری کەرکوک بۆ شارەکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا