فریای بیرەکانی هەولێر بکەون

964+

فەهمی نەبی

لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر زیاتر لە 40 بیر وشکی کردووە، بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر، دابەزینی ئاستی ئاو لە مانگی نۆ دەستپێدەکات، پێشبینی دەکەن ئەو ژمارەیە زیاد بکات.

رێزان سەعدی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بۆ 964 وتی، “ساڵی پار 34 بیر بۆ گوندەکان لێدراوە، ئەمساڵیش رەزامەندی لێدانی 40 بیر هەیە، کێشە لەدابینکردنی پارەکە هەیە، بەڵام بەهەرجۆرێک بێت توانیومانە 20 بیر لێبدەین بۆ ئەو گوندانەی بیرەکانیان وشکی کردووە”.

بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر، لەساڵی 2008 -ەوە، هەندێک گوند هیچ سەرچاوەیەکی دابینکردنی ئاویان نییە، بۆیە بەناچاری بە تانکەر ئاویان بۆ دابیندەکرێت، ژمارەی ئەو گوندانە لەنێوان 50 بۆ 60 گوند دەبێت، هەریەکە لە گوندەکانی زەرگەزەوی، باوەخەلان و کودەریان و چەند گوندێکی دۆڵی ئاکۆیان لە رواندز و چەند گوندێک لە بارزان نمونەی ئەو گوندانەن کە بە تانکەر ئاویان بۆ دابیندەکرێت.
شەش ملیار دینار گوژمە، تێچووی چارەسەرکردنی ئاوی ئەو گوندانەیە کە هیچ سەرچاوەیەکی دابینکردنی ئاویان نییە، بەوتەی بەڕێوبەری ئاوی هەولێر دەڵێت، رەزامەندی لەسەر دراوە و لە ئایندە کێشەی ئەو گوندانەش چارەسەر دەبن.

رێزان سەعدی دەڵێت، لە دەوروبەری هەولێر، ئاستی ئاوی ژێر زەوی زۆر دابەزیوە، بەجۆرێک کەمترین ئاستی 300 بۆ 350 مەترە، بەڵام لە قوشتەپە، کەسنەزان و شەمامک بیرەکان لەسەرووی 600 مەتر ئینجا دەگاتە ئاو، هەندێک شوێن تا 750 مەتر ئینجا دەگاتە ئاو.