دەنگی ژن ژیان ئازادی لە هەولێریش بەرزکرایەوە

964+

شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ ، لەشاری هەولێر ، گردبوونەوەی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان بەرێوەچوو.

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە؛ ئەمساڵ لەهەرێمی کوردستان تەنیا لەماوەی ١١ مانگدا ٣٩ ژن کوژراون، لەماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا دوو هەزارو ٧٠٠ ژن و کچی گەنج کوژراون، واتە ساڵانە زیاتر لە ٢٢٠ ژن دەکوژرێن، یاخود ناچاریان دەکەن خۆیان بکوژن یان خۆیان بسوتێنن، هەندێکیشیان بە بەرچاوی خەڵکەوە، بەدڕندەترین شێوە، گولەبارانکراون و کوژراون.

ساڵانە نزیکەی شەش هەزار سکاڵا دژ بە توندوتیژی بەرانبەر ژنان لە دەزگاکانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی تۆماردەکرێن، رێکخراوەکانی بەرگری لە مافی ژنان دەڵێن “ئەو ئامارانە زۆر جێگای مەترسیین، پێویستە حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، باوەڕ بەوە بهێنن کە ئەمە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی”.

گردبوونەوەی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان بەرێوەچوو

بەهار عەلی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی گردبوونەوەکە بە 964+ـی وت؛ “ئێمە ئەمڕۆ لەگەل چەند رێکخراوێکی ژنان، پێکهاتووین وەک هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، بۆ ماوەی ١٦ رۆژە لە رۆژی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، چالاکی جۆراو جۆرمان هەیە ، ئەمڕۆ وەک کۆتا رۆژ، ئەم گردبوونەوەیەمان ئەنجامداوە”.

لە گردبوونەوەیە دا ، ژنان ناڕەزایی خۆیان دەربڕی ، بەوەی کاردانەوەیەکی جددی نەبوو، بەرامبەر ئەو بڕیارەی دادگای فیدرالی عێراق، هەروەها چەندین چالاکی موزیک و هونەری تێدابوو.