35 هەزاری تێپەڕاند

چارەنووسی هەزاران وانەبێژ چی لێدێت لە هەرێم؟

964+

توانا نەقی

ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ تا دێت زیاد دەکات و دەیان هەزار مامۆستای وانەبێژ لە ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان وانەدەڵێنەوە.

ئەو مامۆستایانە وەک خۆیان دەڵێن بەشێکی گرنگی پرۆسەی فێرکردنن لە ناو کەرتی پەروەردەداو بەڵام بە پێی خزمەتەکانیان ئاوڕ لە داواکارییەکان و مافەکانیان نەدراوەتەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا و لە وەزارەتی پەروەردەدا زیاتر 130 هەزار مامۆستا لە ناوندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە لەو ژمارەیەش زیاتر لە 35 هەزاریان مامۆستای وانەبێژن.

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ: ژمارەمان بە جۆرێکە پرۆسەی پەروەردە بەبێ وانەبێژان ناڕوات بە ڕێوە

کارزان فیزیک، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە 964ـی راگەیاند، بە رێژەی سەدی مامۆستایانی وانەبێژ بەجۆرێکە کە لە 25.9%ی پێکدەهێنن.

وتیشی، ئامارەکان تادێت روو لە هەڵکشانە ئەگەر سەیری ئەو ئامارانەی مامۆستایانی وانەبێژ بکرێت لە ساڵی 2015 بۆ 2022 دەبینرێت بە نزیکەی شەش قات مامۆستای وانەبێژ زیادی کردووە.

دەشڵێت، لەماوەی نۆ ساڵدا و لە ساڵی 2016ـەوە نزیکەی 29 هەزار مۆستای وانەبێژ زیادیان کردووە.

زیادکردنی رێژەی مامۆستایانی وانەبێژ بەم شێوەیە بووە:

ژمارەی وانەبێژان لە ساڵی 2015 بۆ 2016 بە نزیڪی 6500 وانەبێژ بووە.
ژمارەی وانەبێژان لە ساڵی 2016 بۆ 2017 بریتی بووە لە 12 هەزار بۆ 13 هەزار وانەبێژ.
ژمارەی وانەبێژان لە ساڵی 2017 بۆ 2018 بریتی بووە لە 14 هەزار بۆ 15 هەزار وانەبێژ بووە.
ژمارەی وانەبێژان لە ساڵی 2018 بۆ 2019 بریتی بووە لە 16 هەزار بۆ 17 هەزار وانەبێژ .
ژمارەی وانەبێژان لە ساڵی 2019 بۆ 2020 بریتی بووە لە 18 هەزار بۆ 20 هەزار وانەبێژ بووە .
ژمارەی وانەبێژان لە ساڵی 2020 بۆ 2021 بریتی بووە لە 23 هەزار بۆ 26 هەزار وانەبێژ بووە.
ژمارەی وانەبێژان لە ساڵی 2021 بۆ 2022 بریتی بووە لە 30 هەزار و 465 وانەبێژ بووە.
ژمارەی وانەبێژان لە ساڵی 2022 بۆ 2023 بریتی بووە لە زیاتر لە 35 هەزار وانەبێژ.

مامۆستا کارازان دەڵێت، بە پێی زانیارییەکانی ئەوان ساڵانە وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە 10 هەزار مامۆستا هەیە و لە ساڵی 2013ـەوە دامەزراندنیشیان نەماوە، بۆیە ئیتر پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و دامەزراندنیان بۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی چیتر مافەکانیان نەخورێت.

یەکێتی مامۆستایان لەسەر ئەو پرسە چی دەڵێت؟

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، لە ساڵانی پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە وانەبێژان دابمەزرێن و بکرێن بە هەمیشەیی، ئێستاش بەنسبەت ئەوانەوە هەمان قەیران بەردەوامە.

وتیشی، ئەنجومەنی راژە پلانی هەبووە کە بەشێک لە وانەبێژان دابمەزرێنێت و وەزارەتی پەروەردەش هەمان داواکاری لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بەڵام هەمووی پەیوەنی بە بودجە و ناردنی پشکی هەرێمەوە هەیە.

بە بڕوای ئێمە و بەدواداچوونەکانمان ئەمجارە کاری جدی بۆکراوە ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەرببن و پشکی هەرێم بنێردرێت، چونکە بەبەرییەوە نەماوە و ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ 35 هەزاری تێپەڕاندووە، ئەحمەد گەرمیانی وای وت.

لە هەرێمی کوردستاندا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ 35 هەزاری تێپەڕاندووە و دەیان جار خۆپیشاندان و نارەزایەتییان ئەنجامداوە بۆ کردنە هەمیشەییان بەڵام وەڵامی پێویست نەدراونەتەوە و ئەوانیش هەر بەردەوامن لە دەوامکردن لە ناوەندەکانی خوێندن