مووچە و زەوی و پێشینەیان پێ دەدرێت
رزگاربووانی ئێزدی قەرەبوو دەکرێنەوە
مووچە و زەوی و پێشینەیان پێ دەدرێت
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئێزدییە ڕزگاربووەکانی دەستی داعش بە مووچەی مانگانە و پێدانی زەوی و پێشینە قەرەبوو دەکرێنەوە. ئەوەش بە پێی یاسای “ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی”، کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند کراوە.
964 لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانەوە دەزانێت، یاساکە لە یەکی ئازاری ٢٠٢١ـدا دەرچووە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بڕیارە لەساڵی نوێوە وەزارەتی دارایی عێراق رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەربکات.
عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم بە 964+ـی راگەیاند؛ یاساکە تەنها ئافرەتانی ئێزدی ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو قوربانییە رزگاربووەکان دەگرێتەوە بەوانەشەوە کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە ١٨ ساڵ.
ساڵی ٢٠١٤ کاتێک رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر شنگال، کە زێدی ئێزدییەکانە، شەش هەزار و ٤١٧ کەس لە لایەن داعشەوە رفێندران، لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٥٤٨ کەسیان لە رەگەزی مێ بوون، تا ئێستاش دوو هەزار و ٧١٧ ئێزدی بێسەروشوێنن.
“رزگاربووانی ئێزدی جگە لە موچەی مانگانە، زەوی و پێشینەیان پێ دەدرێت و بودجەکەش لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت”، عادل مەلا ساڵح وای وت.