ئەوانەی موچەیان زۆرە بایەعیەکەیان دەبڕێت
964+
فەهمی نەبی
دوای دوو مانگ لە وەستانی، وەزارەتی بازرگانیی عێراق دوو بڕیاری راگەیاندووە، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، ناچارین پسولەی ئەوانە رابگرین کە مووچەیان لە سەرووی دوو ملیۆن دینارە، چونکە سیستمەکە ئەلیکترۆنیە.
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق نووسراوێکی گشتاندنی دەرکردووە، بە پێی هەمان نووسراو بەڕێوەبەرایەتیی پسولەی خۆراکی هەولێر ئاگاداری بڵاوکردوەتەوە، رایگەیاندووە مامەڵەکردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەستپێدەکاتەوە بەڵام تەنیا بۆ دوو جۆر مامەڵە.
ئەم دوو جۆرە دەتوانن مامەڵەکانیان دەستپێبکەنەوە، ئەوانەی دەیانەوێت ناوی مردووەکانیان لابدەن، ئەوانەشی بە هۆی بەرزیی مووچەکانیان پسولەکانیان راگیرابوو.
لە 17.5ی ئەمساڵ بە بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق، سەرجەم مامەڵەی رایکردنی پسولەی خۆراک راگیرا
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراک لە هەولێر بۆ 964 دەڵێت، “پێشتر بە بڕیارێک ئەوانەی موچەیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرزتر بوو، پسولەی خۆراکیان راگیرابوو، ئێستا بڕیارەکە گۆڕاوە بۆ ئەوانەیە موچەیان لە دوو ملیۆن بەرزترە، بۆیە ئەوانەی پێشوو دەتوانن پشتگیرییەک لە فەرمانگەکانیان بهێنن، بیسەلمێنێت مووچەکەیان لە دوو ملیۆن کەمترە پسولەکەیان دەدەینەوە”.
سەبارەت بە وانەی بە هۆی بەرزیی موچەکانیان پسولەکانیان راگیرابوو، سیامەند قادر دەڵێت، “پێشتر بەهۆی قەیرانی دارایی، تەنیا بەشێکی پسولەی پلە باڵاکانمان بڕیبوو، ئەم بڕیارەمان لە کوردستان جێبەجێ نەکردبوو، بەڵام ئەمجارە چونکە دەبێتە کارتی ئەلیکترۆنی، ناچارین ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەین”.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی تایبەتە بە راگیرانی پسولەی خۆراکی ئەوانەی لە دوو ملیۆن زیاتر موچە وەردەگرن، سیامەند قادر دەڵێت، “بەڕێوەبەرایەتییەکەمان نووسراوی بەرزکردوەتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی و ئەوانیش بەرزی دەکەنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەوێ بڕیاری لێدەدرێت”.
لە بارەی دەستپێکردنەوەی مامەڵەی پسولەی نوێ و زیادکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو، ئەو بەڕێوەبەرەی پسولەی خۆراک وتی، هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نییە و پێشبینی دەکەین مانگێکی دیکە ئەو پرۆسەیە دەستپێبکاتەوە، بۆ تەواوبوونی پسولەی ئەلیکترۆنیش ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، هێشتا هەولێر سەرەی نەهاتووە، کەرکوک و دهۆک چاپکراوە و دەستکراوە بە دابەشکردنی.