سووتانی زبڵ بەشێک لە گەڕەکەکانی خانەقینی بێزارکردووە
964+
ڕاژان باجەڵان – خانەقین
لە خانەقین هەردوو شارەوانی پاش کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە شوێنێکدا دایدەنێن کە دەکەوێتە ناوەندی چەند گەڕەکێک و هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکانەی بێزار کردووە.
ئێستا ئەو جێگەیەی زبڵی تێدا کۆدەکرێتەوە رۆژانە بەشێکی ئاگر دەدرێت و دووکەڵەکەی و پاشماوەکەی هاوڵاتیانی چەند گەڕەکێکی بێزار کردووە.
سۆران عەلی، سەرۆکی شارەوانی خانەقین سەر بە کوردستان بە 964ی راگەیاند، تا ساڵی 2014 زبڵ و خاشاکمان لە چەند شوێنێکی جیا کۆدەکردەوە و لەناومان دەبردن، بەڵام لەو بەروارە بەدواوە هەردوو شارەوانی خانەقین بڕیارمان دا لە چۆڵەوانییەکی سەر رێگای خانەقین – کەلار کۆی بکەینەوە و هەنگاوی دووەمیشی لەوێدا بگوازرێتەوە بۆ کەلار بەمەبەستی ریسایکلین، بەڵام کەمی بودجە و قەیرانی دارایی ئەو هەنگاوەی لەناوبرد.
وتیشی، ئاگرەکان شارەوانی نایکاتەوە بەڵکو کۆمەڵێک هاوڵاتی کە بەدوای شتدا دەگەڕێن رۆژانە ئاگر بەردەدەن لەو زبڵ و خاشاکە.
فارس کاکەیی، هاوڵاتی یەکێک لەو گەڕەکانە بۆ 964 دەڵێت، ماڵەکانیان هەر 500 مەترێک لەو زبڵ و خاشاکەوە دوورە و بێزاری کردوون، هەرشەوێک ئەو ئاگرە بکرێتەوە ناتوانن موبەریدەش هەڵکەن و هەیانە نەخۆشی درێژ خایەنی هەیەو کاریگەری لەسەریان هەیە.
هەریەک لە گەڕەکەکانی، ئاوبارە، دێی ئەمین باپیر و مێخاس نزیکی ئەو زبڵخانەیەن.
رۆژانە لە نێوان 95 بۆ 100 تۆن زبڵ و خاشاک لە تەواوی خانەقین کۆدەکرێتەوە لەو شوێنانە فرێدەدرێت و بەشێکیشیان پاشماوەی نەخۆشخانەکانە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی