به‌ڕێوه‌به‌رى فیستڤاڵى سینه‌ماى دهۆك نایه‌وێ بودجه‌ى ئه‌مساڵ ئاشكرا بكات

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

جگە لەوەی بودجەی بۆ دابینکراوبوو، ١٢ گەورە کۆمپانیاش سپۆنسەری کردبوو، بەڵام به‌ڕێوه‌به‌رى فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تى سینه‌ماى دهۆك، نایه‌وێ بودجه‌و خەرجی فێستیڤاڵەکە ئاشكرا بكات.

رۆژی یه‌كى ئه‌م مانگه‌ بۆ ماوه‌ى هه‌شت رۆژ، نۆیه‌مین فیستڤاڵى نێوده‌وڵه‌تى سینه‌ماى دهۆك له‌و شاره‌ ئه‌نجامدرا، تیایدا‌ ٩٨ فیلم له‌ رۆژانى فێستیڤاڵدا نمایش كران، كه‌ ٥١یان فیلمی بیانی بوون و ٤٧ـەکەی دیکە فیلمی كوردی بوون، به‌ڵام ته‌نیا كێبركێ له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ى خه‌ڵاته‌كان بۆ ٥٥ فیلم كرا، كه‌ ئه‌وانیش ٢٧ فیلمى كوردى و ٢٨ فیلمى وڵاته‌ بیانییه‌كان بوو.

+964   ده‌زانێت، كه‌ بودجه‌ى خولی هه‌شته‌مى ئه‌و فیستڤاڵه‌ له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ دابین كرابوو، یه‌كه‌میان له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆی حكومه‌تى هه‌رێم خه‌رج كرابوو که‌ ٧٥٠ ملیۆن دینار، دووه‌میشیان له‌ سپۆنسه‌ره‌كانى فیستڤاڵ كۆكرابووه‌وه‌ كه‌ بریتى بوو له‌ ٣٥٠ ملیۆن دینار.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى +964،  له‌گه‌ڵ عه‌لی ئه‌میر به‌ڕێوه‌به‌رى نۆیه‌مین فیستڤاڵى نێوده‌وڵه‌تى سینه‌ماى دهوك، ئاماده‌ نه‌بوو بودجه‌ى ئه‌مساڵی فیستفاڵه‌كه‌یان ئاشكرا بكات و وتیشی “ئێوه‌ بۆ ده‌ستخۆشی بۆ ئه‌و كاره‌مان ناكه‌ن، بۆ باسی بودجه‌ى فیستڤاڵ ده‌كه‌ن”.

لایخۆشییه‌وه‌، ئه‌حمه‌د مشختى به‌ڕێوه‌به‌رى ماركێتینگی فیستفاڵى دهۆك به‌ +964ـی راگه‌یاند، ١٢ سپۆنسه‌رى گه‌وره‌ به‌شداری خه‌رجییه‌كانى فیستڤاڵى ئه‌مساڵیان كردووه‌، به‌ڵام “به‌هه‌ر ئه‌و ١٢ سپۆنسه‌ر نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ١٪ ی خه‌رجیه‌كانى فیستڤاڵ دابین بكه‌ن”.

به‌قسه‌ى مشختى، جگه‌ له‌ میوانان له‌ ناوخۆی هه‌رێم و عێراق، ١٠٠ میوانی تایبه‌تیش له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بۆ فیستڤاڵى ئه‌مساڵ هاتبوون، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ش خه‌رجی تایبه‌تى پێویست بووه‌.