بۆنی دەم بۆ کەسەکە و چواردەوری بێزارکەرە - وێنە: socialmedia
چ کاتێک بۆنی ناخۆشی دەم مەترسیدارە؟
964+
پێشەوا محەمەد
بۆنی ناخۆشی دەم بووەتە بێزاری بۆ بەشێک لە هاوڵاتیان، پزیشکێک هەندێ لە هۆکارەکانی رووندەکاتەوە و ئەو حاڵەتەش دیاری دەکات کە مەترسیدارە.
بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە لە هۆکاری بەردەوامی بۆنە نەخۆشەکە، رێنماییەک هەیە، ئەویش ئەوەیە بەرلەوەی سەردانی پزیشک بکرێت پێویستە لە خواردنی پیاز، سیر و خواردنەوەی ئەلکحول و جگەرەکێشان خۆبەدوور بگیرێت، چونکە وەک ئەو پزیشکەکە دەڵێت، ئەگەر هەیە ئەوانە ببنە هۆکاری بۆنی ناخۆشی دەم.
زانیار ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی بە 964ـی راگەیاند، ئەگەر بۆنی ناخۆشی دەم دوای نەخواردنی ئەو مادانە هەر بەردەوام بوو، پێویستە پەت بۆ پاککردنەوەی ددان بەکاربهێندرێت، زمان بە کڕینەری تایبەت بشۆرێت و دەرمانی غەرغەرەی ناودەم بەکاربهێندرێت. بە پێویستیشی دەزانێت لانیکەم ساڵانە دوو جار سەردانی پزیشکی ددان بکرێت.
وەک ئەو پزیشکە روونی دەکاتەوە، ئەگەر حاڵەتەکە بەوانەش چارەسەر نەبوو ئەوا دەبێت ئەو کەسە سەردانی پزیشکی هەناوی بکات.
“ئەگەر بۆنی دەم وەک مشکی تۆپیو وابوو، ئەوا لەوانەیە هی پەککەوتنی جگەر بێت. ئەگەر بۆنەکە وەک ئەسیتۆن بێت لەوانەیە هی کیتۆ بێت و بەو هۆیەوە یان شەکرەت بەرز بێت یان بە هەڕەمەکی کیتۆ دەکەیت”، ئەوانە قسەی زانیار ئاغالن.
وتیشی، “ئەگەر بۆنەکە وەک میزی وشکبووەوە بوو، ئەوا لەوانەیە هی پەککەوتنی گورچیلە بێت”.
بە بڕوای ئەو پزیشکە ئەگەر هۆکارەکە جگەر یان گورچیلە بێت ئەوا مەترسیدارە.