جێبەجێکارێکی لەسێدارەدان لە تارانی پایتەختی ئێران لە ماوەکانی رابردوو - Social Media
لە ماوەی سێ رۆژدا
شەش ھاوڵاتی رۆژھەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە ماوەی سێ رۆژدا، شەش ھاوڵاتی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە ھۆشبەرەکان لەسێدارەدراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19.7.2023، رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، بەندکراوێکی کورد بە “ناوی سەعید ئەڵماسی” تەمەن 41 ساڵ و خەڵکی شاری ھەرسینی سەربە پارێزگای کرماشان، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە ھۆشبەرەکانەوە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ھەمەدان سزاکەی جێبەجێ کرا.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە، سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو ھاوڵاتی کوردی خەڵکی شاری کۆیەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستان و رۆژی دووشەممەش دوو بەندکراوی دیکەی خەڵکی کرماشان و بەندکراوێکی دیکەی خەڵکی سەردەشت، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی ھۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.
لە ماوەی مانگی شەشدا 52 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون و پێنجیان کورد بوون، ئامارەکە لە چاو مانگی پێنجدا کەمترە، چونکە لەو مانگدا 142 کەس لەسێدارە درابوون.
51 بەندکراو لە بەندیخانەکاندا سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە و یەکێکیش لە شوێنێکی گشتیدا لەسێدارە دراوە.