دیمەنی بەشێک لە دەشت و دەری قەزای خانەقین- وێنە: 964+
جوتیارە کوردەکانی خانەقین خۆشحاڵن بە وەرگرتنەوەی زەوییەکانیان
964+
راژان باجەلان – خانەقین
ئەو کوردانەی خاوەن زەوین لە خانەقین و دەوروبەری خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەوەی کە زەوییەکانیان دەکرێتەوە بە ناوی خۆیانەوە.
ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 18ـی تەمموزی 2023، دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسایەک دا، کە بەهۆیەوە بڕیارەکانی ئەنجومەنی شۆڕشی سەردەمی حزبی بەعس سەبارەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمان لە کەرکوک و ناوچەکانی مادەی 140 هەڵدەوەشێنێتەوە.
ویسام یاسین هاوڵاتییەکی کوردی خانەقینە و بە 964ـی وت، “عەقدی ساڵی 1964مان هەیە، هی ئەم زەوییە کشتوکاڵییانە، لە ساڵانی 1974 بەدواوە کە پڕۆسەی دەرکردنی کورد دەستیپێکرد و عەرەبی هاوردە خرايه شوێنەکانمان، زەویوزار و باخ و ماڵەکانمان لێ زەوت کرا و کرا بەناویانەوە”.
ئەو خۆشحاڵی خۆی بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی و وتی، “لە ساڵانی 2004 هەرچەندە زەوییەکانمان وەرگرتەوە، بەڵام جارێ بەناوی ئەوان ماوە و حکومەت هەرشتێک دابەش بکات ئەوان دەیبەن و ئێمە هیچمان دەست ناکەوێت”.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نۆ بڕیاری ئەنجومەنی شۆڕشی حزبی بەعسی هەڵوەشاندەوە، کە لە دوای ساڵانی 1974 بەدواوە دەرکرابوون و مافی خاوەنداریەتی لە بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی مادەی 140 لە کورد و تورکمان سەندبووەوە.
رەوا سەمیر بەڕێوەبەری نووسینگەی خانەقینی دەستەی ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە تۆڕی 964ـی وت، “ماوەیەکی زۆرە بەدوای یەکلاکردنەوەی ئەم کێشەیەین و ئێستا کە بڕیاردراوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.