سەرنشینەکانی پێش ئەوەی بمرن بە چاوی خۆیان تایتانیکیان بینیوە
زانیاری نوێ لە بارەی ژێر دەریاییە ونبووەکە
964+
ژووری هەواڵ
مانگێک تێپەڕی بەسەر تێکشکانی ژێردەریایی تیتان و مردنی هەموو سەرنشینەکانی، بەڵگە نوێیەکان دەڵێن سەرنشینەکان لە دوا ساتەکانی ژیانیاندا بە چاوی خۆیان تایتانیکیان بینیوە، ئینجا مردوون.
18ی مانگی رابردوو تیتان بە پێنج سەرنشینەوە چووە قوڵایی دەریا بۆ ئەوەی پاشماوەی کەشتی تایتانیک ببینن، بەڵام ئەوە دوا گەشتی ژیانیان بوو، نەگەڕانەوە.
ئەو کۆمپانیایە کە خاوەنی مافی هەڵگرتنەوەی داروپەردووی کەشتی تایتانیکە، نەخشەیەکی بنی دەریای ئاشکرا کرد، کە تێیدا توێژەران دەڵێن دارپەردووی ژێردەریایی تیتان زۆر نزیکە لە تایتانیکەوە و گریمانەی بەهێز ئەوەیە سەرنشینەکان بە چاوی خۆیان تایتانیکیان بینیبێت، ئینجا مردبن.
نەخشەکە لە رێی سۆنارە بەدەست هاتووە، دەردەکەوێت لە کاتی کارەساتەکە تیتان زۆر نزیک بووە لە تایتانیکەوە.
لە بنی دەریاکەوە ناوچەیەک هەیە پێی دەوترێت کێڵگەی تایتانیک، هەموو ئەو ناوچەیە دەگرێتەوە، کە داروپەردووی تایتانیکی تێدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەشی هەرە گرنگی ئەو شوێنەیە، کە کەوانەی پێشەوەی کەشتیەکەی تێدا جێگیر بووە، ئێستاش نەخشەکە دەریدەخات تیتان لای ئەو کەوانەیەوە کەوتووە، بۆیە گومانە بەهێزەکە ئەوەیە سەرنشینەکان ئاواتەکەیان هاتبێتە دی و تایتانیکیان بینیبێت، بەڵام ئاواتێک کە ژیانی خۆیان لەسەر دانا.