گه‌رماكه‌ى هه‌ولێر چه‌ند پەتایه‌كی بۆ منداڵان دروستكردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما، له‌ هه‌ولێر چه‌ند جۆرێك په‌تا رووبه‌ڕووى منداڵان بووه‌ته‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى منداڵانى راپه‌ڕینیش ئاشكراى ده‌كات، رۆژانه‌ لانیكه‌م 150 منداڵ ده‌گه‌یه‌ندرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان.

د. مەحمود محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەرینی منداڵان بۆ 964 ئاشكراى كرد، سکچوون و رشانەوە لەو پەتایانەن له‌ وه‌رزى هاویندا رووبه‌ڕووى منداڵان ده‌بنه‌وه‌.

وتیشی “رۆژانه‌ 150 تاكو 200 منداڵ ده‌گه‌یه‌ندرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان و ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌ره‌و زۆربوون ده‌چێت”.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى راپه‌ڕین، حاڵه‌تى گیانله‌ده‌ستدانیش له‌ناو ئه‌و منداڵانه‌ هه‌یه‌ و ده‌شڵێت “به‌پێی كه‌یسه‌كان جارى وا هه‌بووه‌ رۆژانه‌ حاڵه‌تى گیان له‌ده‌ستدانى منداڵانمان هه‌بووه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ ھۆکارەکانی دروستبوونى ئه‌و په‌تایانه‌، سه‌ره‌ڕاى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما، د. مه‌حمود ئاماژه‌ به‌ خواردنی دەرەوە، خواردنی تێک چوو یاخود بەسەرچوو و سەرواڵا ده‌كات كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ ده‌یخۆن یان پێیان ده‌درێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى كه‌ 964 له‌ نه‌خۆشخانه‌ى راپه‌ڕین وه‌ریگرتووه‌، له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ جگه‌ له‌ به‌شی فریاكه‌وتن 120 شوێنى خه‌وتنى منداڵان له‌چه‌ند به‌شێكی جیاجیاى ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا هه‌ن.