نەخۆشی دڵ بەرۆكی راپەڕین بەرنادات

964+

پێشەوا محەمەد

لە ئیدارەی راپەڕین لە کۆی 291 گیان لەدەستدان لە شەش مانگی رابردوودا 158یان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە بووە.

بە پێی ئامارێکی تەندروستی راپەڕین، نەخۆشییەکانی مێشک بە 30 حاڵەت و وەستانی سییەکان بە 21  حاڵەت و رووداوی هاتوچۆ بە 15 حاڵەت لە پلەکانی دووەم و سێیەم و چوارەمی هۆکارەکانی گیان لەدەستداندان.

هەر بە پێی ئامارەکە، حاڵەتەکانی دیکە بە هۆکاری جۆراوجۆری دیکەی وەک کوشتن، خنکان و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان تۆمار کراون.

تەها محەمەد، وتەبێژی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە نەخۆشییەکانی دڵ لە راپەڕین و سەرتاسەری کوردستانیش لە پلەی یەکەمی هۆکارەکانی گیان لەدەستدانە.

وتیشی، “گۆڕانکارییەکانی ژیانی مرۆڤ و بە پلەی یەکەم خواردن هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکانی دڵن”.