ڤیدیۆ: هەولێر لە ناو سلێمانی لە نەورۆزی بردەوە
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە خولی لاوانی نایابی عێراقدا بۆ تۆپی پێ، یانەی هەولێر لە ناو شاری سلێمانی لە یانەی نەورۆزی بردەوە..
لە گەڕی 18ـی خولی لاوانی یانە نایابەکانی عێراق یانەی نەورۆز لە یاریگەی زانکۆ میوانداریی هەولێری کرد و یارییەکەشی بە 1-2 گۆڵ پێدۆڕاند.
لە گێمی یەکەمدا یاریزانانی خاوەن یاریگە بە هێرشبردن دەستیان پێکرد و چەند جارێک نزیک بوون لە تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام گۆڵپارێزی یانەی هەولێر بە رووی گشت ئەو هێرشانەدا وەستایەوە، بەپێچەوانەی ئاراستەی یارییەکە و لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا موئەیەد سەفا لە خولەکی 28 گۆڵی یەکەمی بۆ هەولێر تۆمارکرد.
گێمی دووەم جارێکی دیکە بە هێرشەکانی نەورۆز دەستیپێکردەوە، لە خولەکی 49 یانەی نەورۆز گەیشتە گۆڵی هەولێر و ئەلەند دڵشاد گۆڵی یەکسانبوونی تۆمار کرد، دواتر یاریزانانی هەردوولا هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە بوو، لە کاتی زیادکراودا هاوڕێ ئیبراهیم گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ هەولێر تۆمارکرد و یارییەکەش بە 2-1 گۆڵ لە سوودی هەولێر کۆتایی هاتز
بەم بردنەوەیە یانەی هەولێر بە کۆی 28 خاڵ چووە پلەی سێيەمی ریزبەندی و یانەی نەورۆزیش بە کۆی 26 و بە شێوەیەکی کاتی دابەزییە پلەی چوارەم.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا