قەیسەریی هەولێر 20 تۆن زبڵی هەڵگرتبوو

964+

فەهمی نەبی

خزمەتگوزاری ژینگەپارێزیی هەولێر رایگەیاندووە، تیمەکانیان لەبەشی سەرەوەی دوکانەکانی قەیسەری هەولێر 20 تۆن خۆڵ و خاشاکیان کۆکردوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزیی هەولێر بۆ 964 وتی، بڕیارە بەشی سەرەوەی بازاڕی قەیسەری نۆژەبکرێتەوە، بۆ ئەوەی لەسەر قەڵای هەولێرەوە کە سەیری بازاڕەکە دەکرێت دیمەنێکی جوان نیشان بدات.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزیی هەولێر ئەوەش دەڵێت، دوکانەکان هەرچی زبڵ و خاشاک هەیە فڕییدەدەنە بەشی سەرەوە، بۆیە هەڵمەتی پاککردنەوەکە بە 70 کرێکار ئەنجامدراوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

ژیار جەلال ئەوەش دەڵێت، ئەوان بەزەحمەت توانیویانە ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەن، لەبەر ئەوەی شوێنی گواستنەوەی زبڵ و خاشاک زەحمەت بووە، جگە لەوەش مەترسی کەوتنەوەی ئاگری هەبووە.

بازاڕی قەیسەری دەکەوێتە بەرامبەر قەڵای هەولێر، مێژووی دروستکردنی بازاڕەکە بۆ زیاتر لە 200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، رووبەرەکەی نزیکەی 50 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، لە ساڵی 2010 دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی.