چوار کارمەند بریندارن

لە هەیبەت سوڵتان ئاگر کەوتەوە و دوو مین تەقینەوە

964+

فەهمی نەبی

ئەمڕۆ ئاگرێک لە چیای هەیبەت سوڵتان کەوتەوە، بەرگریی شارستانیی کۆیە دەڵێت، ئاگرەکەمان کۆنتڕۆڵ کردووە و دوو مینیش تەقیونەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، کاتژمێر 10:30ی بەیانی، ئاگرێک لە چیای هەیبەت سوڵتان لە کۆیە دروست بوو، دوای چەند کاتژمێرێک لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆیە توانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت.

گۆران ئەحمەد سماقە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە 964ی وت، “لەبەرئەوەی شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکە تاڕادەیەک سەخت بووە، بۆیە چوار کارمەندی بەرگری شارستانی، بەشێکیان بە هۆکاری بەربوونەوە و بەشێکیان بە سووتان زامداربوونە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەکرێت”.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە ئەوەشی وت، لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکە دوو مین تەقیونەتەوە.

بە وتەی گۆران ئەحمەد سماقە، زوو زوو ئاگرەکە سەرهەڵدەداتەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی با لەناوچەکە، بەڵام رووبەرێکی زۆری ناوچەکە سووتاوە و هێشتا زیانەکان نازانرێت و ناشزانرێت هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە چییە.