کێشەکانی پاڵەوانیەتیی لەشجوانی هۆڵەکانی هەولێر چی بوون؟

+964

هێژا خەسرەو – هەولێر

لە هەولێر و لە هۆڵی رۆشنبیری پاڵەوانیەتیی لەشجوانی لەسەر هەردوو ئاسی فیزیک و کلاسیک بۆ زیاتر لە 50 لەشجوان بەڕێوەچوو، کە ساڵانە ئەم نمایش و پاڵەوانیەتییە لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت، بەڵام پاڵەوانیەتییەکەی ئەمجارە کێشەی هەبوو.

لە پاڵەوانیەتیی ئەمساڵدا کەموکوڕی هەبوو، گلەیی و گازاندەی زۆر کران، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەبوو، بەشێک لە یاریزانەکان وتیان، ئەوان ئامادەکاری باشیان نەکرد و درەنگ پێیان وتراوە پاڵەوانیەتییەکە بەڕێوەدەچێت و وەک پێویست و لە کاتی پێویستدا ئامادە نەبوون.

یەکێک لە کێشەکانی  دیکە ئەوەبوو، بەشێک لە یاریزانە بەشدارەکان هۆڵەکەیان بەدڵ نەبوو، لە ناوەڕاستی نمایشەکەشدا کارەبای هۆڵەکە پچراو و پاڵەوانیەتییەکە کەمێک دواکەوت، ئەمەش کێشەی بۆ هەمووان دروست کرد، بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما و کاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتییەکەش لە کاتێکی زووی رۆژ و گەرمادا بوو.

لەشجوانان بۆ ئامادەکارییەکی باش ماوەی سێ رۆژ بوو ئاویان نەخواردبووەوە، لە دەرەوەی هۆڵەکەش راگیرابوون بەهۆی ئەم کارە و بەرزیی پلەکانی گەرما بەشێکی زۆری یاریزانەکان تووشی سەرسووڕان بوون، بۆیە وەک پێویست نمایشەکەیان ئەنجام نەدا.

‎ئەحمەد رامبۆ سەرپەرشتیاری پاڵەوانیەتییەکە بە 964ی وت: “گلەییەکانی یاریزانان لە جێی خۆیەتی و ئێمە بڕیارمانداوە لەمەودوا هیچ ساڵێک ئەم پاڵەوانیەتییە لە وەرزی هاویندا بەڕێوەنەبەین، چونکە ئەم کاتە بۆ لەشجوانان تەندروست نییە، بۆ ئەمساڵیش هۆکار هەبوو کە لەم کاتەدا نمایشەکەمان ئەنجام دا، یەکەمیان بەهۆی ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا پاڵەوانیەتیی لەشجوانیی عێراق دەستپێدەکات، دووەمیان لە هۆڵەکەدا ئامێرەکانی فێنککەرەوە هەبوون”.

ئەوەی تێبینی کرابوو لە لەشجوانان، کەمیی ئەزموون بوو، کە بەشێکیان لەسەر ستەیج نەیاندەتوانی نمایش ئەنجام بدەن، ناوبژیوانان هاوکاریان دەکردن لە شێوازی وەستان و نمایشەکانیان.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی لەشجوانانیش لێی رازیبوون ناوبژیوانانی پاڵەوانیەتییەکە بوون، کە هیچ بڕیارێکی هەڵەیان نەدا و بەپێی ئاستی خۆیان لەشجوانان هەڵسەنگاندیان بۆکرا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا