رزگاری دەبێتە خاوەن پارکی خێزانی

+964

هونەر فارس- گەرمیان

سەرباری ژمارەی زۆری دانیشتووانی، بەڵام ناحیەی رزگاری تا ئێستا لە پارکێکی خێزانی بێبەشە، سەرۆکی شارەوانی ناحیەکەش دەڵێت لە هەفتەی داهاتووەوە پارکێکیان بۆ تەرخان دەکەن.

ناحیەکە سەر بە قەزای کەلارە و بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 65هەزار دانیشتووی هەیە، سەرباری هەبوونی چەند پارکێک بۆ گەنجان، بەڵام شوێنێکی ئەوتۆ نییە خێزانەکان پشوویەکی تیدا بدەن.

دوای نیگەرانی بەشێک لە دانیشتووانی ناحیەکە لەو بارەیەوە، 964 قسەی لەگەڵ ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی رزگاری کرد، ئەویش وتی: لە بەرنامەماندایە پارکی دایک بکەینە پارکی خێزانی و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە رێکخستنەوە و گۆڕانکاری پارکەکە دەکرێت.

پارکی دایک یەکێک لە پارکەکانی ناحیەی رزگارییە و دەکەوێتە دەروازەی ناحیەکەوە، ماوەی چەند ساڵێکە دروستکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کورسی و شوێنی تایبەت بە خێزان، هاوڵاتیان زۆر بە کەمی رووی تێدەکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا