هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

ئاگاتان لێیه‌ به‌شه‌خۆراكی زیاتر له‌ 57 هه‌زار كه‌س بڕدرا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگه‌یاند به‌شەخۆراکی 13 هەزار و 741 خێزان بڕدراوە، کە لە 57 هەزار و 531 کەس پێکهاتوون، بەهۆی ئەوەی داهاتی مانگانەی سەرۆکی ئەو خێزانانە لە دوو ملیۆن دینار زیاترە.

فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە بڕینی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو خێزانانەی داهاتی مانگانەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964، فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانی عێراق داوای لە سەرجەم دامودەزگه‌ حکومییەکان کردووە، لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان له‌ دوو ملیۆن دینار زیاترە، بۆ فەرمانگەکەیان بنێرن بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەشەخۆراکی مانگانەیان ببڕردێت.

لە کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو فەرمانبەرانە ببڕێت، كه‌ پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو سەرەوەیان هەیە، یان لە هەر پلەیەکی فەرمانبەریدا بن و موچەی مانگانەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاتره‌.

نه‌وزاد شێخ كامیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ 964ی وت، بڕیاره‌كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌، نووسراویان بۆ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌یان بۆ بنێرن، كه‌ مووچه‌یان دوو ملیۆن دینار زیاتره‌، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.
وتیشی، “ئه‌گه‌ر لیسته‌كه‌مان بۆ بنێرن، راده‌ستی وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراقی ده‌كه‌ین”.