دیمەنی رووداوی هاتوچۆكەی ناحیەی رزگاری ، وێنە هاتوچۆی گەرمیان.
لەسەر رێگەی كەلار- كفری
بەم بەیانییە پێنج كەس بریندار بوون
964+
كوردستان ئەحمەد
لەسەر رێگەی كەلار- كفری ئەم بەیانیە لە نزیك ناحیەی رزگاری رووداوێكی هاتوچۆ روویدا و بە هۆیەوە پێنج كەس برینداربوون.
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا بە ئاراستەی قەزای کفری رۆیشتووە لە بەرامبەر ناحیەی رزگاری کۆنترۆڵی لە دەست داوە و خۆی بە ستوونێکی نێوان هەردوو شەقامەکەدا کێشاوە، بەهۆیەوە شۆفێر و چوار سەرنشینی برینداربوون و زیانی مادیش بەر ئۆتۆمبێلەکە و ستوونەکەش کەوتووە
ئۆتۆمبێلەكە خۆی كێشاوە بە ستوونێكی كارەبادا، بە تەواوەتی شێواندوویەتی، ستوونەكە شكاوە و ئۆتۆمبێلەكەش شكاوە بەسەر یەكدا، لە جۆری كیای بارهەڵگرە.
ئێستا بریندارەكان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە كەلار و پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە رووداوەكە.
موقەدەم سامان عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان بە 964ی وت، بریندارەکان دۆخی تەندروستیان زۆر باشە و سێیانیان نەخۆشخانەیان جێهێشتوە، رووداوەكەش بەهۆی جێبەجێنەكردنی رێنماییەكانی هاتوچۆ و تیژڕۆیی شۆفێرەكەوە بووە و لە دەستی وەریگرتووە و خۆی بە ستوونێکی کارەباوە کێشاوە.
رێگەی سەرەكیی كەلار- كفری لە نزیك ناحیەی رزگاری رێگەیەكی دوو ئاراستەیە، شەقامەكە بە گڵۆپ و گوڵ و رازێنراوەتەوە، بەشێك لە شەقامەكەش بەهۆی تاسە و رەگلەوە تێكچووە و خێرایی هاتوچۆ تێیدا 60 كیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا.