ئەمساڵ لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی 327 کەس وەکو نەخۆشی دەروونی تۆمارکراون
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
تەنیا یەک نەخۆشخانە لە سلێمانی، لە ماوەی شەش مانگدا تووشبوونی 327 کەسی بە نەخۆشی دەروونی تۆمارکردووە و چارەسەری بۆ کردوون.
ئەو ئامارە لەلایەن نەخۆشخانەی دەروونی شەهید د. هێمن لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا تۆمارکراوە و دەریدەخات کە رۆژانە 1.8 کەس تووشی نەخۆشی دەروونی بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان لە جۆری شیزۆفرینیان و تێکچوونی دەروونی بوون.
“298 حاڵەتی شێزۆفینیا و تێكچوونی دەروونی و 25 حاڵەتی تێكچوونی دەروونی سۆزداری و 65 حاڵەتی تێكچوونی دەروونی بەهۆی خەمۆكی تۆماركراوە”، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی وای وت.
هەروەها 234 حاڵەتی دەستنیشانكردنی ئۆتیزم هەبووە و 547 منداڵ بینراون و 488 نەخۆش لەبەشی ئی سی تی و 31 نەخۆش لە بەشی ئالوودەبوون چارەسەركراون.
بە وتەی سامان لەتیف، لە شەش مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەی دەروونی شەهید هێمن، 236 پشكنینی MRI كراوە و 1،340 دانیشتنی تاك بۆ چارەسەر ئەنجام دراوە و 462 دانیشتنی خێزانی بۆ چارەسەری نەخۆش كراوە و 116 پشكنینی پێوانەیی زیرەكی ئای كیو كراوە و 56 كەس لە رێگەی تەلەفۆنەوە رێنمایی كراون.