زیاتر لە 10 هەزار کەسی لێدەژیێت و بنکەیەکی تەندروستی تێدا نییە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
گەڕەکی خرابابک یەکێکە لە گەڕەکە گەورەکانی زاخۆ, تا ئێستا هیچ بنکەیەکی تەندروستی لێنییە.
خرابابک دەکەوێتە روژهەلاتی شاری زاخۆ، لەماوەی چەند ساڵێکدا خەڵکێکی زۆر بۆ دروستکردنی خانوو رووی لەم گەڕەکە کردووە، خەڵکی گەڕەک دەڵێن زەویەکانی ئەو گەڕەکە هەرزانە بۆیە وا بە زووی قەرەباڵخ بووە.
دانیشتوانی گەڕەکی خرابابک گلەیی ئەوە دەکەن، بنکەی تەندروستی لە گەڕەکەکەیان نییە.
سەگڤان زەمان، دانیشتوی گەڕەکی خرابابکە بۆ 964 وتی، “خاوەنی سێ منداڵم، هەر کات منداڵەکانم نەخۆش بکەون دەبێت بچمە شوێنی دوور بۆ چارەسەر”.
رێبەر محەمەد، دانیشتوی گەڕەکەیە دەڵێت، حاڵەتی پێوەدانی دوپشک بەمنداڵ هەبووە، بیست خولەک رێگەمان بڕیوە تا گەیاندومانەتە نەخۆشخانە، ئەمەش لەبەرئەوەی هیج نەخۆشخانەیەک لەو گەڕەکە نییە.
د.سیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ بۆ 964 وتی، بڕیار بۆ دروستکردنی دوو بنکەی تەندروستی دەرچووە، یەکێکیان بۆ گەڕەکی خرابابکە، ئەوەی دیکەیان بۆ گەڕەکی شقایە، بەڵام هێشتا کاتی دروستکردنی دیار نییە.
محەمەد ساڵح، کەسایەتییەکی بەتەمەنی خەڵکی گەڕەکەکەیە سکاڵای حاڵپەرێشانی خۆی لای پەیامنێری 964 باسکردووە دەڵێت، “لەبەر ئەوەی هیچ بنکەیەکی تەندروستی لێمانەوە نزیک نییە، ناتوانم رێگەی دوور ببڕم بۆیە ئامێری پێوانەی فشاری خوێنم کڕیوە و لەماڵەوە خۆم بوومەتە دکتۆری خۆم”.
بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ دەڵێت، بنکەکان چارەسەری سەرەتایی بۆ هەموو نەخوشێک دەکەن و لەرێگەی دەزگاکەتان موژدە بە خەڵکی ئەو گەڕەکە دەدەین لەنزیکترین کاتدا بڕیاری دروستکردنی ئەو بنکانە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی