سکچوون و رشانەوە لە سەیدسادق زیادی کردووە. فۆتۆ: 964
گومان لە ئاو و خواردنی ماڵان دەکرێ
”لە سەیدسادق 512 حاڵەتی سکچوون تۆمارکرا”
+964
ئەحمەد مستەفا
لە 12 رۆژدا لە سەیدسادق 512 حاڵەتی سکچوون و رشانەوە تۆمارکراوە، نەخۆشخانەی قەزاکە گومانی لە پاکیی ئاوی خواردنەوە و خواردنی ماڵان هەیە.
لە تەمەنی دوو ساڵ بۆ 80 ساڵیش داخڵی نەخۆشخانە کراون.
مانگی شەشی ئەمساڵ 964 بەدواداچوونی بۆ هەڵکشانی رێژەی توشبووانی سکچوون و رشانەوە کرد، کە لە کۆی مانگی شەشدا زیاتر لە 500 حاڵەت تۆمارکرابوو.
نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر لە قەزای سەیدسادق، پشکنینی بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان و حاڵەتەکانی کردووە، گومانی سەرەکیان لەسەر ئەوە ساغبووەتەوە، ئاوی خوارنەوە و خواردنی ماڵان پیس بووبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.7.2023 دکتۆر سەرکان ئەحمەد، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت بە 964ی وت، “زۆرینەی ئەوانەی تووشی نەخۆشیی سکچوون و رشانەوەکە بوون، تەمەنیان زۆرە و سەرجەمیان لە نەخۆشخانە چارەسەرکراون، حاڵەتەکانیش کۆلێرا نین”.
زۆربەی نەخۆشەکان بۆ ئەوەی تووشی وشکبوونەوە نەبن، بە پێدانی موغەزی چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە و دەرمانی دیکەشیان پێدراوە، بە وتەی دکتۆر سەرکان ئەحمەد بێت، “ئەوان تەندروستی رۆژهەڵاتی سلێمانییان لە رێژەی سکچوون و رشانەوەی قەزاکە ئاگادارکردووەتەوە”.
لەبەر ترسیان لە زیاتر هەڵکشانی ئاماری توشبووان، بەڕێوبەرەی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت رێنمایی بە خەڵک دەدات کە ، “زۆر گرنگە ئاو بکوڵێنرێت پاشتر بخورێتەوە، لەگەڵ ئامادەکردنی خواردنی ژەمەکان بە شێوەیەکی تەندروست”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا