قایمقامیەتی سلێمانی: زۆربەی خوێی بازاڕ شیاوی خواردن نین

+964

هاوبەش ئەبوبەکر

قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، بەشێکی زۆر لەو خوێیەی کە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت بە هاوڵاتیان شیاو نییە بۆ خواردن، بۆیە پێنج بڕیاری دەرکردووە و دەیەوێت ئەو خوێیە لە بازاڕدا نەهێڵێت.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو پێنج بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 12.7.2023، لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی نێوان قایمقامیەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکراون و لە گرنگترینیان ئەوەیە: پێداچونەوە بە کاری کارگەکانی خوێ دەکرێت و رێگەنادرێت خوێی ناتەندروست هاوردەی سلێمانی بکرێت.

قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، “بەشێک لەو خوێیەی تایبەتە بە پیشەسازی، لە هەندێک لە کارگەکاندا دەستکاری کراوە و بە خوێی خۆراکی دراوە بە هاوڵاتیان، دوای پشکنین دەرکەوتووە بەشی زۆریان بۆ خواردن شیاو نین و زیانی تەندروستیان هەیە”.

بڕیارەکان ئەمانەن:

1 – ئەو کارگە ناوخۆییانەی مۆڵەتی کارکردنیان نییە دابخرێن.

2 –  لیژنەیەکی پسپۆڕ لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پێداچوونەوە بە کاری کارگە مۆڵەتپێدراوەکاندا بکەنەوە، بۆ ئەوەی خوێ بە کوالێتی بەرز بخەنە بازاڕەکانەوە، ئەگەر پابەندی مەرج و رێنماییەکان نەبوون، رێکاری یاساییان لەگەڵ دەگیرێتەبەر.

3 – کۆمپانیاکانی پشکنین لە خاڵە سنوورییەکان بەرپرسن لە کوالێتی ئەو خوێیەی هاوردەدەکرێت و رێگە نەدرێت خوێی پیشەسازی بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە هاوردە بکرێت.

4 – رێگە نەدرێت لە مەرزە لاوەکییەکانەوە مادەی خۆراکی بە تایبەت خوێ هاوردە بکرێت.

5 – رێگە نەدرێت بەبێ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی، خوێ لە پارێزگاکانی ترەوە هاوردەی سلێمانی بکرێت.