شەقامەکانی ناو بازاڕی زاخۆ دەکرێن بە یەک ئاڕاستە

+964

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

هاتوچۆی زاخۆ دەیەوێت جەنجاڵی ناوشار نەهێڵێت و شەقامە بەرتەسکەکان فراوان بکات، بۆیە بڕیاریداوە هەرچی جادەی ئەو سنوورە هەیە بیانکات بە یەک ئاڕاستە.

بەم جۆرەی ئێستا، بۆ بڕینی یەک کیلۆمەتر لە نێو بازاڕی زاخۆ پێویستت بە 10 تا 15 خولەک هەیە.

سەڵاح یوسف، بەرپرسی لیژنەی ترافیک لە زاخۆ بە 964ی وت، ئەم پروژەیە نزیکەی مانگێکی پێدەچێت و بە رێژەی زیاتر لە 70% قەرەباڵغی ناوبازاڕ چارە دەکات.

“ئەمە هەنگاوی یەکەمە و دواتر بە دروستکردنی ئۆڤەرپاسی دەرگای بازاڕ، قەرەبالغی بە رێژەی 95% کەم دەبێتەوە و شۆفێر و خەڵک چیتر ئەزیەت نابینن”، سەڵاح یوسف وای وت.

بڕیار وایە گۆڕانکاری لە زۆربەی شەقامەکانی ناوبازاڕی زاخۆ بکرێت، لە قوتابخانەی ئامادەیی زاخۆ چوون بۆ ناو بازاڕ تا دەگاتە فلکەی بارزان هەموو شەقامەکان بۆ دەرچوون دەبن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر