كالیار لە شارەزوور و زەڵێ پێگەیشت
964+
کوردستان ئەحمەد
كالیار و پیرە خەیار لە دەشتی شارەزوور و دەشتی زەڵێ پێگەیشت و گەیشتە بازاڕەكانی كوردستان.
كالیار لە خێزانی ترۆزی و خەیارە، لە زەوییە دێمەكان دەكرێت، درێژ و گەورە و پڕئاوە، تامێكی مزر وشیرینی هەیە.
لە گەڵ كاڵەك و تەماتە و شوتی و خەیار و تۆرزیدا تۆوەكەی دەچێنرێت، سێ جۆری هەیە، كالیاری سپی و زەرد و روش.
ئەمساڵ لە شارەزور و شارباژێڕ بە تایبەتی لە زەوییە دێمەكاندا بەرهەمێكی باشی هەبووە، نۆبەرەكەی پێگەیشتووە و رەوانەی ناو بازاڕ كراوە.
كالیار، توێكڵێكی ئەستور و تۆوێكی درێژ و سپی و گەورەی هەیە، بەترش و خوێوە دەخورێت، لە زۆر شوێنی كوردستان لەسەر عەرەبانە و دەستگێڕەكان بە پارچە و بەدانە دەیفرۆشن.
ئێستا لە عەلوەی سلێمانی و شارەزور كیلۆی دوو هەزار و 500 دینار دەكات، لە بازاڕیشدا بە سێ هەزار دینارە، بەرهەمەكە زۆر نییە بەڵام تا رادەیەك بەشی ناوخۆی كوردستان دەكات.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بە 964ی وت، خاكی هەرێمی كوردستان بۆ كالیار بەپیتە و دەستدەدات و هیچ گرفتێكی ئەوتۆی نییە، بەڵام نەكراوەتە خۆراكی سەرەكی بۆیە زیاتر بەشێوەی خواست دەچێنرێت نەك ئەوەی جوتیارێك بە فەڕمی پارچە زەویەكە بكات بە كالیار.
كالیار تا پێدەگات درێژیەكەی دەگاتە نزیكەی 60 سانتیم، تیرەكەشی دەگاتە 10 سانتیم و كێشەكەی دەگاتە سێ بۆ چوار كیلۆ و تا 10 كیلۆش دەڕوات.