بایرن میونشن مانێ هه‌رزانفرۆش ده‌كات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئیدارەی بایرن میونشن بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات پارە بۆ گرێبەستە چاوەڕوانکراوەکەی هاری کەین پاشەکەوت بکات، بۆ ئه‌مه‌ش سادیۆ مانێ به‌ڕێده‌كات و پاره‌یه‌كی كه‌میشی بۆ دیاریی كردووه‌.

یانە باڤارییەکە تا ئێستا دوو ئۆفەری پێشکەش کردووە، دوا ئۆفەریان بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی هاری كه‌ینی هێرشبه‌ری یانه‌ی تۆتێنهامی ئینگلیزی.

بە پێی هەواڵێکی سکای سپۆرتی ئەڵمانی، ئیدارەی باڤاریا دەیەوێت بڕێک پارە پاشەکەوت بکات بە فرۆشتنی هەندێک یاریزان، بۆ ئەوەی پارەی گرێبەستەکەی کەین دابین بکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سادیۆ مانێی سەنیگالی لە ناو ئەو یاریزانانەدایە کە لە هاوینەی مێرکاتۆدا بۆ فرۆشتن دیاریكراون، بۆ ئەوەی یانه‌كه‌ هه‌ندێك پاره‌ په‌یدا بكات.

بایرن میونشن نرخی یاریزانەكه‌ی پێشووی لیڤەرپوولی داناوه‌، كه‌ ته‌نیا 20 ملیۆن یۆرۆیه‌.

مانێ لە هاوینی 2022 لە لیڤەرپوولەوە پەیوەندی بە بایرن کردبوو، بە بڕی 32 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام نەیتوانی شوێنی خۆی لە پێکهاتەی باڤاریادا جێگیر بکات، جگه‌ له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیرۆی سانێ به‌شه‌ڕهاتن، ئه‌مه‌ش وێنه‌ی یاریزانه‌كه‌ی له‌ به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر و ئیداره‌ی یانه‌كه‌ ناشیرن كرد.