پاریس ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری ئێمباپێ ببێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ پێشهاتی نوێ له‌ باره‌ی گواستنه‌وه‌ی ئێمباپێ هه‌یه‌، یانه‌ی پاریس سانجێرمان گه‌یشته‌ لووتیان و ئارامیان لێبڕا، ئه‌وه‌تا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ رۆژنامه‌ی لۆپاریزیان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، یانه‌ پاریسییه‌كه‌ ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ ئێمباپێی هێرشبه‌ر و ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می یانه‌كه‌یان.

یانه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، ناتوانن چیتر به‌رگه‌ی مووچه‌ی زۆر و داواكارییه‌كانی یاریزانه‌كه‌ بكه‌ن و ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری بن.

ئێمباپێ رایگه‌یاندووه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ ناكاته‌وه‌، به‌ڵام گرێبه‌سته‌كه‌ هاوینی داهاتوو كۆتایی دێت، یانه‌كه‌شی ده‌ڵێت ده‌بێت ئه‌م هاوینه‌ بڕۆیت، ئێستا هه‌مووان چاوه‌ڕێی یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئۆفه‌ری خۆی بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانه‌كه‌ پێشكه‌ش بكات، كه‌ یاریزانه‌كه‌ش حه‌زده‌كات رووبكاته‌ یانه‌ی شاهانه‌.

ریال مه‌درید هاوینی رابردوو 200 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئێمباپێ خسته‌ڕوو، به‌ڵام پاریس رازیی نه‌بوو.

ئێستا كێشه‌كه‌ زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌یه‌، كه‌ پاریس بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی ئێمباپێ، وه‌رزی رابردوو به‌ڵێنی دا به‌ یاریزانه‌كه‌ی بدات، به‌ڵام هێشتا پێی نه‌داوه‌، یاریزانه‌كه‌ش نایه‌وێت به‌بێ ئه‌م پاره‌یه‌، كه‌ نزیكه‌ی 80 ملیۆن یۆرۆیه‌، له‌ پاریس بڕوات.