کارمەندە نوێیەکانی شارەوانی هەڵەبجە دەوامیان دەستپێدەکات

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە رایگەیاند 30 کەس بە شێوەی گرێبەست بۆ شارەوانی دادەمەزراون و بەمنزیکانە دەوامی ئەو کەسانە دەستپێدەکات.

چەند ساڵێکە شارەوانی هەڵەبجە کێشەی کەمی کارمەندی هەبوو، لە ساڵی 2022 بە شێوەی تیروپشک و کۆکردنەوەی مەرج و خاڵ بە پێی لێهاوتوویی، 30 کەس هەڵبژێردران، بە شێوەی گرێبەست لە شارەوانی هەڵەبجە دەوام بکەن.

سەلام بیلال سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە 964ی وت، سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران  دامەزراندن راگیراوە، بەڵام بە هۆی بۆشایی لە کارەکانی شارەوانی، رەزامەندی درا لەسەر دامەزرانی ئەو ژمارەیە بە شێوەی گرێبەست، کە پسپۆڕیە جیاجیا کان دەگرێتەوە وەک ئەندازیار و پارێزەر و ژمێریار و پاسەوان و  کارگوزاری سەرجەم پسپۆریەکانی تێدایە.

بەپێی وتەی سەرۆکی شارەوانی رێکارەکان تەنیا هێندەی ماوە، ئەو کارمەندانە بێن بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی تا گرێبەست واژوو کەن و دەستبەکار بکەن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی