هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەنووسان دەدرێت

964+

پێشەوا محەمەد

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەیەوێت لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەنووسان هەموار بکرێتەوە.

یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2001 بەناوی یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەوانی کوردستانی عێراق دەرچووە، “بەڵام تا ئێستا سندوقەکە پێکنەهاتووە”.

یاساکە 110 هەزار دیناری وەک خانەنشینی رۆژنامەنووس دیاری کردووە، هەروەها دەبێت رۆژنامەنووس تەمەنی 63 ساڵ بێت و ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسان بێت و 25 ساڵ خزمەتی رۆژنامەنووسیشی هەبێت ئەوکات خانەنشین دەکرێت.

کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، یاساکە جێبەجێ نەکراوە و ئەوان دەیانەوێت سەرلەنوێ یاساکە هەموار بکرێتەوە و سندوقەکە کارا بکرێت.

وتیشی، “داوا دەکەین بڕی خانەنشینییەکە لە 400 هەزار دینار کەمتر نەبێت و مەرجی ئەندامی سەندیکاش لاببرێت”.

لقی سلێمانی سەندیکاکە بەنیازە سەرەتا وەزارەتی دارایی و رۆشنبیری لە پڕۆژەکەیان ئاگادار بکاتەوە و پاشان ئامادەی بکەن.