بۆ سۆراغی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەیە
کونسوڵخانەی ئێران وەڵامی وەزارەتی شەهیدان ناداتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
سێ مانگ زیاترە کونسوڵخانەی ئێران وەڵامی داواکاری وەزارەتی شەهیدان ناداتەوە بۆ ئەوەی بۆردی سۆراغی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بچێتە ئەو وڵاتە.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆردەکەی لە مانگی 2ـی ئەمساڵدا پێکهێناوە و لە مانگی 3 داوایان لە کونسوڵخانەی ئێران کردووە، کە دەیانەوێت سەردانی ئێران بکەن.
210 منداڵی 66 خێزانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری وەک ونبووی دوای کیمیابارانکردنی ئەو شارە لە 16.3.1988دا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان تۆمار کراون.
“کونسوڵخانەی ئێران وەڵامی نەداوینەتەوە و ناشزانین هۆکارەکەی چییە، چونکە هیچ روونکردنەوەکیان پێنەداوین”، ئەوە قسەی عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە بۆ 964.
دەشڵێت، دەیانەوێت لە ئێران بەدوای هەر سەرەداوێکدا بگەڕێن و سەردانی گۆڕستانەکانی ئەو وڵاتە بکەن بۆ یەکلاییکردنەوە چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە.
بۆردەکە لە لایەن عەبدوڵای حەجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەریەکە لە نوێنەرانی وەزارەتی داد، تەندروستی و ناوخۆ تیایدا ئەندامن.