شەش خوێندکاری فەڵەستینی دێنە هەولێر
چوار خوێندکار بۆ مەشقی هاوینە دەڕۆنە سەڵتەنەی عومان
964+
فەهمی نەبی
بڕیارە چوار خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ مەشقی هاوینە بچن بۆ زانکۆی نەزوە لە سەڵتەنەی عومان، لە هەفتەی داهاتوودا شەش خوێندکاری فەڵەستینیش بۆ هەمان مەبەست بێنە هەولێر.
بڕیارە رۆژی هەینی 8.7.2023 ئەو چوار خوێندکارە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەڕێبکەون و ماوەی دوو هەفتە لە عومان مەشقی هاوینە ببینن.
یوسف مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیک بۆ کاروباری خوێندکاران بۆ 964 وتی، ئەو پرۆسەیە لە ئەنجامی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکارانە لە نێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆ عەرەبی و ئەوروپییەکان، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا جگە لەو خوێندکارە فەڵەستینییانە، چەند خوێندکارێکی میسری بێنە هەولێر.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیک ئەوەشی وت، ئەمساڵ ئەمە دووەم گرووپە بچنە دەرەوەی کوردستان، دوو هەفتە لەمەوبەر گرووپێک خوێندکار نێردراون بۆ زانکۆیەکی پۆڵەندی و ئەو پرۆسەیە بەردەوامیی دەبێت.
ئەو خوێندکارانەی رۆژی هەینی بەڕێدەکەون لە بەشی کارگێڕی و ئەندازیارین، لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەی ل ەزانکۆی نەزوەی عومان دەبن، جگە لە بینینی چەندین کۆرسی زانستی، شوێنە کلتوورییەکانی ئەو وڵاتەشیان نیشان دەدەرێت.
یوسف مستەفا دەڵێت، “بەشی زۆری تێچووی ئەو گەشتە لەسەر ئەو زانکۆیەیە، کە خوێندکارەکان وەردەگرێت، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە هەر خەرجییەکی دیکە هەبێت، لەسەر ئەرکی خوێندکار خۆیەتی و هەوڵ دەدەین لێرە بۆیان قەرەبوو بکەینەوە”.
پڕۆژەی ئاڵوگۆڕی قوتابی، چەند ساڵێکە لە نێوان زانکۆیەکانی پۆلیتەکنیکی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی هەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیک لەو پڕۆژەیە ئەندامە.