هەوکردنی مێشکیش کەمیکردووە

تاوەکو ئێستا لەناو شاری سلێمانی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

تەندروستی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە لەناو شارەکەیدا، هەروەها حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشکیش کەمیکردووە.

داتاکانی پشکنین لە وەزارەتی تەندروستی عێراق پشتراستی هەبوونی حاڵەتی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی دەکەن، بەڵام سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانەی بە 964ی وت، “تائێستا هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوەیان نییە”.

هەر ئەمڕۆ، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی، حاڵەتێکی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ناحیەی چوارقوڕنەی ئیدارەی راپەڕین تۆمارکراوە.

ئەوە یەکەم حاڵەتی نەخۆشییەکەیە لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرابێت.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی، نەخۆشەکە ژنێکی تەمەن 45 ساڵە و پیشەی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە.

هاوکات، تۆمارکردنی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک لەناو منداڵان و لە سلێمانی بۆ چوار نەخۆشی رۆژانە دابەزیوە، لێکۆڵینەوەی پزیشکەکان دەریخست، ئەویش وەک سکچوون ڤایرۆسێکە و زیاتر نییە.

نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، شاهێدی تۆمارکردنی ئەو حاڵەتانەیە کە زۆرینەی تووشبووەکان تەمەنیان لە سەروو پێنج ساڵەوە بووە، هەندێکیان تا و هەندێکیان ئازاری سەریان هەیە.

بەپێی سوڕی ڤایرۆسەکە بێت، لەنێوان چوار رۆژ بۆ 15رۆژ و بەپێی سیستمی بەرگری منداڵەکە، کەسی توشبوو ڤایرۆسەکە تێدەپەرێنێت.

ئەمرۆ پێنجشەممە 6.7.2023، پشدەر عەبدوڵا بەرێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، “بۆمان دەرکەوت هەوکردنەکە ڤایرۆسە بۆیە هیچ جێگەی مەترس نییە”.

بەرپرسەکەی نەخۆشخانەی منداڵان دەشڵێت، “تائێستا هیچ منداڵێک بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەست نەداوە و تووشی هیچ دۆخێکی نەخوازراو نەبۆتەوە”. ئەوان دەرمانی تا، بەکتریا و ئاوی موغەزییان بۆ منداڵەکان داناوە.

ئەو رێنمایی ئەوەیدا کە رەنگە ماوەیەکی دیکە حاڵەتەکان زیادبکەنەوە، بۆیە ویستی بڵێت، “تەنیا دوو رێنمایم بۆ دایک و باوکان هەیە، ئاو زۆر بکوڵێنن و بەبێ پرسی دکتۆر دەرمان بە نەخۆشەکەیان نەدەن”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق