هه‌ڵمه‌تى بڕینى سه‌رپێچی كاره‌باى گونده‌كانى شه‌قڵاوه‌ ده‌ستپێكرد

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى دوو رۆژه‌ تیمەکانی کارەبای شەقڵاوە دەستیان بە هەڵمەتێکی نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا كردووه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان گونده‌كانى سنوورى قه‌زاكه‌یان گرتووه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بۆ بڕینى ئه‌و سه‌رپێچیانه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر تۆڕه‌كانى كاره‌با.

كوردیۆ عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى كاره‌باى شه‌قڵاوه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌ 3.7.2023 هه‌ڵمه‌ته‌ له‌ گونده‌كانى بالوكاوه‌ و توتمه‌ى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى بالیسان ده‌ستپێكردووه‌.

وتیشی “تیمه‌كانمان له‌ناكاو ده‌چنه‌ ئه‌و گوندانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سی سه‌رپێچیكار پێشتر نه‌زانێت تیمه‌كان دێن، بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى سه‌رپێچییه‌كه‌ى بكات”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، سه‌رپێچیه‌كان بریتین له‌ نه‌بوونى سه‌عاتى كاره‌با و راگرتنى سه‌عات و فولكردنى كاره‌با له‌و‌ ماڵانه‌.

كوردیۆ عومه‌ر، جارێ هیچ ئامارێكی سه‌رپێچییه‌كانى پێنه‌داین چونكه‌ وتی ئێستا له‌ سه‌ره‌تاى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان دان و دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى دوو رۆژى رابردوودا ژماره‌یه‌ك سه‌رپێچى جیاواز تۆمار كراون.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كاره‌باى شه‌قڵاوه،‌ بۆ هه‌ڵمه‌تى بڕینى سه‌رپێچییه‌كان جارێ هه‌ر‌ له‌ گونده‌كان ده‌مێننه‌وه‌، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتووشدا كه‌ سنوورى ناحیه‌ى بالیسان ته‌واوكرا، ئینجا تیمه‌كانیان ده‌چنه‌ سنوورى ناحیه‌كانى وه‌ك باسرمه‌ و هه‌ریر و هیران.