بەڕێوبەری خوێندنی پیشەیی وا دەڵێت

پلان هەیە هەموو قوتابیانی پیشەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێن

964+

فەهمی نەبی

بەڕێوەبەرایەتیی بەشی پیشەیی لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، پلان هەیە ئەمساڵ هەموو قوتابیانی بەشی پیشەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی پەیوەندیدار بە بەشەکانیان وەربگیرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، هاوتا محەمەد، بەڕێوەبەری خوێندنی پیشەیی لە وەزارەتی پەروەردە بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی ئامادەیی پیشەیی لەو بەشەی زانکۆ وەردەگیرێت کە پەیوەندیدارە بە پسپۆڕییەکەی، بۆ نموونە، یەکەمی بەشی کشتوکاڵ لە کۆلیژی کشتوکاڵ وەردەگیرێت و یەکەمی بەشی ئامادەیی پیشەسازی کارەبا لە کۆلیژی ئەندازیاری بەشی کارەبا وەردەگیرێت.

لە هەرێمی کوردستان 41 ئامادەیی پیشەیی هەیە، بۆ ئەمساڵی خوێندن سێ هەزار و 12 قوتابی ئامادەیی پیشەیی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی پیشەییان ئەنجامداوە.

بەڕێوەبەری خوێندنی پیشەیی ئەوەش دەڵێت، “ساڵی پار ئەو قوتابیانەی لە 60 کەمتریان هێنابوو لە پەیمانگاکان وەرنەدەگیران، بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هەمووان وەربگیرێن، بە جۆرێک پلانی پێشخستنمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە، هەموو قوتابیانی پیشەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێن”.

بۆ ئەمساڵ 117 هەزار و 364 قوتابی مافی بەشداریان هەبوو لە تاقیکردنەوەی پۆلی 12، لە کۆی 41 ئامادەیی پیشەیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 12 قوتابی پلەی یەکەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناوە.